وەزارەتی بەرگریی ئیسراییل: وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانمان کوشت


وێستگەنیوز-
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسراییل دەڵێ، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەیدا بۆ سەر تاران کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، نوسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسراییل لە زاری کاتز رایگەیاند "لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا بۆ سەر تاران، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا."

کاتز دەڵێت، "هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران لە زیادبووندان و من و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل، دەسەڵاتی تەواومان داوەتە سوپا بۆ بەئامانجگرتنی هەر کەسایەتییەکی باڵای ئێران، بێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگرتنی رەزامەندیی دیکە هەبێت."

ئیسماعیل خەتیب کێیە؟
ئیسماعیل خەتیب لە دایکبووی 1961 لەشاری قاین لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ئێران ساڵی 2021ـەوە وەزیری ئیتلاعاتی ئێران بوو و وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرە ئەمنییەکانی ئێران دەناسرا کە پێشتر لە نووسینگەی عەلی خامنەیی و دەسەڵاتی دادوەری کاری کردبوو.

 - لە ساڵی 1980 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کرد و لە یەکەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکاندا کاری کرد. لە شەڕی ئێران-عێراقدا بە سەختی بریندار بوو.
 
- لە ساڵانی 1991 - 2003 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی قوم بووە (کە ناوەندی سیاسی و ئایینیی ئێرانە).
 
- لە ساڵانی 2010 - 2012 بەرپرسی بەشی پاراستنی بەیت یان نووسینگەی عەلی خامنەیی بوو.
 
- لە ساڵانی 2012 - 2019 سەرۆکی ناوەندی پاراستن و هەواڵگریی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بوو.
 
- لە ساڵانی 2019 - 2021 سەرۆکی پاراستنی دامەزراوەی "ئاستانی قودسی رەزەو" بوو لە مەشهەد. ئەم دامەزراوەیە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی مەزارگەی ئیمام رەزا لە شاری مەشهەد و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین ناوەندە ئابووری و ئایینییەکانی ئێران.
 
- لە ئابی 2021دا لەلایەن ئیبراهیم رەئیسیی سەرۆککۆماری ئەوکاتەوە بۆ پۆستی وەزیری ئیتڵاعات بەربژێر کرا و بە 222 دەنگی پەرلەمان بووە هەشتەمین وەزیری ئیتڵاعات (هەواڵگری)ـی ئێران.
 - لە حکومەتی مەسعود پزیشکیانیشدا وەک یەکێک لەو وەزیرانەی کە "رەزامەندی رێبەری لەسەر بووە"، لە پۆستەکەیدا مایەوە. 
 
- سزای نێودەوڵەتی: لەلایەن ئەمریکا و کەنەداوە بەهۆی "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ" و "چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان"ـەوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە.
 
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تۆمەتباری دەکەن بە سەرپەرشتیکردنی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی چالاکڤانان.


PM:04:15:18/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت