چه‌كداماڵینی حیزبوڵڵا: دیمەشق سەرەڕای گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دوودڵە
وێستگەنیوز-
ئاژانسی ڕۆیتەرز، له رێگه‌ی پشتبەستن بە پێنج سەرچاوەی ئاگاداره‌وه، رایگه‌یاند ئەمریکا بۆ چه‌كداماڵینی حیزبوڵڵا، هانی سوریای داوە، بیر لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی لوبنان بکاتەوە، تاكو به‌شداری له‌و پرۆسه‌یه‌دا بكات.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە دیمەشق، دوودڵە لە ئەنجامدانی ئەرکێکی لەو شێوەیە، لە ترسی ئەوەی کە بکێشێتە ناو شەڕێکی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توندترکردنی گرژییە تائیفیەکان.
ئەو پێشنیازەی كه پێشکەش بە حکومەتی سوریا کراوە، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هەوڵەکانە بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ٢ی ئازاره‌وه وه‌ك پشتیوانی بۆ ئێران، بۆردومانی ئیسرائیل ده‌كات. ئه‌مه‌ش بووە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
له‌م باره‌یه‌وه، دوو سەرچاوە کە هەردووکیان بەرپرسی سورین و دوو کەسی دیکەش کە ئاگاداری گفتوگۆکانن، له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه، بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان كردووه و ده‌ڵێن بیرۆکەکە بۆ یەکەمجار، ساڵی ڕابردوو لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و سوریا قسه‌ی له‌باره‌وه كراوه.
بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بیرۆکەکەیان زیندوو کردەوە. دوو بەرپرسی سوریا ڕایانگەیاندووە، واشنتۆن ئەو داوایەی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە کردووە، هاوکات سەرچاوەیەکی هەواڵگری ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە، ئەو داوایە ڕاستەوخۆ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە هاتووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، بۆ ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ 10 سەرچاوە کردووە، شەش بەرپرس و ڕاوێژکاری حکومەتی سوریا، دوو دیپلۆماتکاری ڕۆژئاوا، بەرپرسێکی ئەوروپی و سەرچاوەیەکی هەواڵگری ڕۆژئاوا. هەموویان ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی سوریا کە زۆرینەیان سوننەن، بە وریاییەوە بیر لە ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سنوور بەزاندن دەکاته‌وە. بەڵام جارێ هەر دوودڵه.
پێشتر هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی هاندانی ئەمەریکا، بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، یان دوودڵی سوریا بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بڵاونەکراوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە، هیچ لێدوانێک لەسەر "پەیوەندییە دیپلۆماسییە تایبەتەکان" بدات و به ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگه‌یاند، داوا له هه‌ردوو حكومه‌تی سوریا و لوبنان بكات، تاكو ئه‌وان لێدوان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان بده‌ن.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم بابه‌ته، تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە سوریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، له سه‌كۆی ئێكس رایگه‌یاند: "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ئەمریکا هانی سوریا دەدات، هێز بۆ لوبنان بنێرێت، درۆ و نادروستن".
سەرەڕای دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر بە حزبوڵڵا و تاران کە هه‌ردووكیان له نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2014، لە شەڕی ناوخۆی سوریا، پشتگیری بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا بوون و شه‌ڕیان بۆی كرد.
بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئەحمەد شه‌رع سەرۆک کۆماری سوریا، لە سەرەتای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتەوە، به وریاییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، بەرپرسێکی باڵای سوریا ڕایگەیاند، دیمەشق و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی، لەسەر ئەوە کۆکن کە سوریا لە دەرەوەی شەڕ بمێنێتەوە و تەنها ڕێوشوێنی بەرگری بگرێتەبەر.
دیمەشق لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردووەوە، یەکەی مووشەکی و هەزاران سەربازی، له‌سه‌ر سنووری لوبنان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئەو ڕێوشوێنانەی، وه‌ك رێكارێكی بەرگریکردن وەسف کردووە.
له لایه‌كی دیكه‌وه، نە وەزارەتی دەرەوەی سوریا و نە وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئه‌و وڵاته، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، وه‌ڵامی هیچ پرسیارێكیان نه‌داوه‌ته‌وه كه ئاراسته‌یان كراوه.
لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرۆکایەتی لوبنان ڕایگەیاند "هیچ ئاماژەیەک یان هۆشدارییەکیان لە ئەمریکا، ڕۆژئاوا، دەوڵەتانی عەرەبی، یان سوریای پێنه‌گه‌یشتووه، سەبارەت بە وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و سوریا، بۆ ئەگەری ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنوری وڵاته‌كه‌ی".
سەرۆکایەتی لوبنان ئەوەشی خستووه‌تەڕوو، سەرۆک جۆزێف عەون، په‌یوه‌ندییه‌كی دوو قۆڵی لەگەڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئەنجامدا، هەروەها په‌یوه‌ندییه‌كی سێ قۆڵی ئه‌نجامداوه کە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساشی لەخۆگرتبوو، شه‌رع له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا رایگه‌یاند سوریا ڕێز لە سەروەری لوبنان دەگرێت و هیچ پلانێکی نییە دەستوەردان بکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە لوبنان بۆ رێكخستنی سنووره‌كان، هەماهەنگی لەگەڵ سوریا هه‌یه. بەڵام هەرگیز پرسی حیزبوڵای لوبنانی لەگەڵ دیمەشق تاوتوێی نەکردووە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بەرپرسێكی باڵای سوریا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنێک، لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان هەڵکردوە، له پێناو یارمەتیدانی بەیروت بۆ داماڵینی چەک لە حیزبه‌ڵڵا، لەکاتی گونجاو‌دا.
بەڵام دیمەشق پێشبینی مەترسیی دەکات، لەوانە ئەگەری هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و ئەگەری په‌شێوی و نائارامی لە نێوان کەمینە شیعەکاندا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هەڕەشە بۆ سه‌ر هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی سوریا، دوای توندوتیژی تائیفی ساڵی ڕابردوو.
دوو دیپلۆماتکاری ڕۆژئاوایی ڕایانگەیاند، واشنتۆن بیرۆکەی ئۆپەراسیۆنی سنوور بەزاندنی سوریای پەسەند کردووە کە حیزبوڵڵا بکاتە ئامانج.
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ڕۆژئاوا و بەرپرسێکی ئەوروپی ڕایانگەیاند، ئەمریکا داوای لە سوپای سوریا کردووە، ڕۆڵێکی کاراتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵا لە لوبنان بگێڕێت، لەوانەش لە ڕێگەی ئه‌نجامدانی ئەگەری ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بۆ خۆرهه‌ڵاتی لوبنان.
له‌م باره‌یه‌وه، بەرپرسێکی سەربازی سوریا ڕایگەیاند، تا ئێستا سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سه‌ربازی لە ناوخۆی لوبنان، هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە. بەڵام بژاردەی دەستێوەردان لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی له نێوان دەوڵەتی لوبنان و حیزبوڵڵا، له ئارادایه.
فەریق حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێم تی ڤی" لوبنانی لە 13ی ئازاردا ڕایگەیاند، پته‌وكردنی هێزه‌كانی سه‌ر سنور، ڕێکارێکی بەرگرییە و ئاستێكی به‌رزی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای لوبناندا هەیە، هەروەها ڕژێمی سوریا پاڵپشتی له‌وه ده‌كات، دەوڵەتی لوبنان ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌سه‌رتاسه‌ری لوبناندا بسه‌پێنێت.
PM:01:34:18/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 108
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت