لیندزی گراهام: بە رووخانی رژێمی ئێران گۆڕانکاریی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات


وێستگەنیوز-

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی بودجە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کێشەی سەرەکی لە ناوچەکەدا رژێمی ئێستای ئێرانە.


لیندزی گراهام لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، "کێشەی سەرەکی لە ناوچەکەدا رژێمی ئێستای ئێرانە و کاتێک ئەو رژێمە دەڕووخێت، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات".

ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە درووشمی (مەرگ بۆ ئەمریکا) بەرز دەکاتەوە و دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە".

ئەو سیناتۆرە جەختی لەوەشکردەوە، "رووخانی رژێمی ئێران تەنیا کاتی دەوێت و پرسەکە پرسی ئەگەر نییە، بەڵکو پرسی کەی روودانیەتی".

باسی لەوەشکرد، "رووخانی رژێمی ئێران دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتی و گەورەترین گۆڕانکاری لە ماوەی 2000 ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهێنێتە کایەوە، ئەویش ناساندنی ئیسرائیل دەبێت لەلایەن سعودیە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان".

لیندزی گراهام ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی، "دۆناڵد ترەمپ ئەو پیاوەیە دەتوانێت هەموو ئەمانە بەدیبهێنێت".


AM:10:26:09/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت