سه‌رۆكی ئازه‌ربایجان فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرشی "تۆڵەسەندنەوە" دژ به‌ ئێران ئەنجام بدات


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 6ی ئازاری 2026، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووه‌، خۆیان بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئێران ئامادە بکەن و تارانی بە ئەنجامدانی "کردەوەیەکی تیرۆریستی و دوژمنكارانه‌ی بێ پاساو" تۆمەتبار کرد.


هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی کردووەتە سەر ناوچه‌ی نەخچیڤانی سه‌ر به‌ وڵاته‌كه‌ی.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتدا هاتووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، لە نزیک فڕۆکەخانەی نەخچیڤان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆكه‌وانی دیکەش لە نزیک قوتابخانەیەک تێكشكاون و كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ده‌سته‌ی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕەتیکردەوە هیچ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بەرەو خاکی ئازەربایجان هەڵدابێت.

هەروەها تاران چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە، ژێرخانی نەوت و ئامانجە مەدەنییەکانی دیکەی لە ناوچه‌كه‌دا کردبێتە ئامانج. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنانە.

ئەم ڕووداوە، تیشک ده‌خاته‌ سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئازەربایجان لەگەڵ ئێرانی دراوسێی، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ باکۆ، پەیوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەرەپێداوە.

ئێران له‌ كاتێكدا هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر، تادێت نیگەرانە لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل، کەمە نەتەوەییە جیاوازەکانی ناو ئێران، بۆ تێكدانی سه‌قامیگری وڵاته‌كه‌ی، بقۆزنەوە.

له‌ ئێران ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی ئازەربایجانی نیشتەجێن و تاران باکۆ بەوە تۆمەتبار ده‌كات كه‌ ڕێگەی بە هەواڵگری ئیسرائیل داوە، لەوێوە چالاکی بکەن.

لای خۆیەوە، ئازەربایجان هەوڵیداوە دڵنیایی بدات ئێران، به‌وه‌ی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانی "دراوسێ و دۆستی" بەکارناهێنرێت.


PM:09:15:05/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو