ئایا ئێران به‌شداری مۆندیالی ئه‌مریكا ده‌كات؟


وێستگەنیوز-

دوای به‌رپابوونی ئه‌م جه‌نگه‌ی نێوان ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل، هه‌ڵوێستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی له‌ مۆندیالی هاوینی داهاتوو، ئاڵۆزه‌. به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا هاوشان له‌گه‌ڵ مه‌كسیك و كه‌نه‌دا، یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی میوانداری یارییه‌كانی جامی جیهانی ده‌كات.


تا ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەک، لە دوای سەرکەوتنی بە فەرمی بۆ مۆندیال، نەکشاوەتەوە. ئەمەش وایکردووە فیفا ڕووبەڕووی دۆخێکی بێ وێنە ببێتەوە و دەستەی بەڕێوەبەری فیفا، پێویستی به‌وه‌یه‌ بڕیاری به‌ په‌له‌ ده‌ربكات، چونكه‌ ته‌نها سێ مانگ ماوه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ بزانرێت ئایا ئێران به‌شداری ده‌كات؟ له‌ حاڵه‌تێكیدا ئه‌گه‌ر كشایه‌وه‌، كێ جێگای ده‌گرێته‌وه‌؟

ئاڵۆزیییه‌كه‌ دوای لێدوانه‌كانی مه‌هدی تاج، سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی ئێرانی، زیاتر بوون، چونكه‌ نه‌ به‌شداریكردنی وڵاته‌كه‌ی و نه‌ كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ پاڵه‌وانه‌تییه‌كه‌ پشتڕاست نه‌كرده‌وه‌. هه‌ڵبژارده‌ی ئێران له‌م پاڵه‌وانه‌تییه‌دا، له‌ گروپی حه‌وته‌م یاری ده‌كات كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ میسر و به‌لجیكا و نیوزله‌نده‌ له‌خۆده‌گرێت.

میدیا نێودەوڵەتییەکان، لێدوانه‌كانی مه‌هدی تاج-یان بۆ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئێران و میدیا ناوخۆییه‌كان، گواسته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت: " ناتوانین به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێین ئێران له‌ مۆندیالی ئه‌مریكا ده‌كشێته‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد" بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوویداوە و ئەوەی ڕوودەدات، بەدوور نازانرێت به‌شداری له‌ مۆندیالدا نه‌كه‌ین، بەڵام بڕیاری کۆتایی، لای به‌رپرسانی وه‌رزشه‌".

سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات، ده‌ڵێت: ئەوەی ئێستا دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە کە بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر ئێران، چیتر بە ئومێدەوە چاوەڕێی بەشداریکردن لە مۆندیال ناکەین".

تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئێرانی، بە ئاشکرا باسی کشانەوەی وڵاتەکەی لە مۆندیال یان تەنانەت چوون بۆ بەشداریکردن نەکردووە. ئاخر چه‌ندین كێشه‌ له‌ ئارادایه‌، له‌وانه‌ دیارترینیان هاتنە ناوەوەی خودی هەڵبژاردەی ئێرانە بۆ ناو خاکی ئەمریکا، هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی شەڕی ئێستادا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، تا چه‌ند ڕەزامەندی ده‌ده‌ن به‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران بڕوات بۆ ئه‌مریكا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌مریكا، تا چه‌ند پێشوازی له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئێران ده‌كات و رێگه‌ به‌ یاریزانان و شاندی یاوه‌ریان و جه‌ماوه‌ری ئێران ده‌دات، بێنه‌ ناو خاكه‌كه‌یه‌وه‌؟

هەرچەندە پاڵەوانێتییەکە لە نێوان سێ وڵاتی مەکسیک، کەنەدا و ئەمریکادا دابەشکراوە، بەڵام هەڵبژاردەی ئێران سەرجەم یارییەکانی لە کۆمەڵەی حەوتەم، لەسەر خاکی ئەمریکا ئەنجام دەدات.

بەپێی ڕێکخستنی شوێنی مانەوەی تیپەکان، شاندی ئێران بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە لە کۆمەڵگەی وەرزشی کینۆ، لە شاری توکسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەبێت. لەگەڵ گەیشتنیشیدا، لەژێر چاودێری فیفادا دەبێت کە ئەرکی هەماهەنگی نێوان شاندی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئەمریکای لە ئەستۆدایە.

بڕیارە ڕۆژی ١٦ی حوزەیران، هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، یەکەم یاری بەرامبەر نیوزلەندا ئەنجام بدات، دواتر ٢١ی حوزەیران، لە یاریگای سۆفی لە ئینگلوودی ویلایەتی کالیفۆرنیا، بەرامبەر بەلجیکا یاری بکات. لە ٢٧ی حوزەیران، لە سیاتڵ یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانیان بەرامبەر میسر کۆتایی پێدەهێنن.

له‌وانه‌یه‌ ئەم پاڵەوانێتییە، سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو لەخۆبگرێت، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ یاری نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەگەر هەردوو هەڵبژاردە سەرکەون بۆ قۆناغی دووەم و لە کۆمەڵەکانی خۆیاندا پلەی دووەمیان بەدەستهێنا. یارییەکی لەو شێوەیە لە ٣ی تەمموز لە شاری دالاس، ڕووبەڕووی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌.

فیفا ماوەیەکە هەوڵده‌دا له‌ بڕیارەکەی ئێران دڵنیابێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، بە پەلە پەیوەندی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانەوە کردووە، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی بەشداریی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە، بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ روونكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ماتیا گرافسترۆم سکرتێری گشتی فیفا، بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، هێشتا زووە بە وردی لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدەین، بەڵام بێگومان بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەین كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ سه‌رجه‌م پرسه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا".

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌، به‌ درێژایی سێ مانگی ئاینده‌ و تا كاتی كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌تییه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی بكشێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش دەرگا بەڕووی چەندین ئەگەر و دووبارە دابەشکردنەوەی كورسییه‌كان ئاسیا ده‌كاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له‌ حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی ئێران، عێراق شوێنی بگرێته‌وه‌.

پێدەچێت ئەگەر ئێران نەتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا، بەشداری بکات، ئەوا ڕەنگە كورسییه‌كه‌ی ئاسیا بدرێتە به‌ عێراق، کە لە ئێستادا ڕکابەریی لە یارییەکانی پلەی ئۆفی نێوان کیشوەرەکان دەکات کە بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە مەکسیک بەڕێوەبچێت.

عێراق سەرکەوت بۆ قۆناغی پاشكۆی جیهانی، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی کۆتایی ئاسیادا، بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئیمارات بردەوە، کە لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە لە ١٨ی شوبات بەڕێوەچوو، بەمەش عێراق له‌ هه‌ردوو یارییه‌كه‌دا، به‌ تێكڕا ٣-٢ سەرکەوتنی به‌سه‌ر ئیماراتدا بەدەستهێنا.

ئەگەر عێراق لەبری ئێران سه‌ربكه‌وێت، ئیماراتیش دەتوانێت سوود له‌م دۆخه‌ وه‌ربگرێت و له‌ بری عێراق سه‌رده‌كه‌وێت بۆ یارییه‌كه‌ی پاشكۆی جیهان. هه‌روه‌ها ئیمارات له‌و گروپه‌ی كه‌ تێیدا ئێران و ئۆزبه‌كستان، راسته‌وخۆ سه‌ركه‌وتن بۆ مۆندیال، ئیمارات له‌ پله‌ی سێیه‌م بوو.

بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ یان پێشبینییەکی کۆتایی له‌ ئارادا نییه‌، چونکە له‌ حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی ئێران، ئه‌وا فیفا قسەی کۆتایی ده‌كات.
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا رووینه‌داوه‌، هیچ وڵاتێكی به‌شدار له‌ مۆندیال، كشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاندبێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕێساکانی فیفا سزای توندی بۆ ئەو جۆرە کارانە داناوە. دیارترینیان قەدەغەکردنی بەشداریکردنە لە دوو جامی جیهانی لەسەریەک، جگە لە سزای دارایی.

ئەمەش بەو مانایەیە ئەگەر ئێران بکشێتەوە، ئەوا لانی كه‌م بەشداریکردنی لە دوو پاڵەوانێتی مۆندیالدا قەدەغە دەکرێت، هەروەها ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە. تووندی سزا ئابورییه‌كان پشت به‌ سروشتی هه‌ڵوێست و هۆكاره‌كانی كشانه‌وه‌كه‌ ده‌به‌ستێت. ئه‌گه‌ر هۆكاری كشانه‌وه‌كه‌ ناچاری بوو، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ سزای دارایی نه‌درێت.

بەڵام ئه‌م سزایه‌، نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سزا لەسەر بەشداریکردنی ناوچەیی و کیشوەری هه‌بێت، بەو پێیەی ئێران دەتوانێت لە هەموو کێبڕکێ وەرزشییەکانی دیکە، لە ژێر چەتری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یان فیدراسیۆنی ئاسیادا بەشداری بکات، وەک جامی ئاسیا و سزاکان کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی یانەکانی ئێران لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکانیشدا نابێت.


PM:10:35:03/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو