عەلی لاریجانی: کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانی سوتاند و بێ وەڵام نامێننەوە


وێستگەنیوز-

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایدەگەیەنێت، پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دووبەرەکی ئێران شکستی هێناوە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەنجومەنێکی کاتی بۆ قۆناغی دوای کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدەهێندرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی سەقامگیری ئێران و دروستکردنی دووبەرەکی شکستی هێناوە".

لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا وئیسرائیل وایان دەزانی لە رێگەی وەشاندنی لێدانی قورس لە بەشە سەربازییەکان و کوژرانی سەرکردە باڵاکان، دەتوانن ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە، هەروەها ئەوان هیوایان وابوو خەڵک بڕژێننە سەر شەقامەکان و رژێم تووشی گۆڕانکاری بکەن، بەڵام گەلی ئێران بە وشیاری و یەکڕیزی خۆیان ئەو تەڵسمەیان شکاند کە بۆ پارچەپارچەکردنی ئێران داڕێژرابوو".

باسی لەوەشکرد، ""بەم نزیکانە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کاتی پێکدەهێندرێت تاوەکو رێبەری داهاتوو هەڵدەبژێردرێت".

ئاماژەی بەوەدا، "لە ماوەی رابردوودا دوژمنان هەموو رێگەیەکیان تاقیکردەوە، لە سزای ئابوورییەوە تا دروستکردنی کێشەی بژێوی بۆ فشارخستنە سەر خەڵک و حکومەت، بەڵام خۆڕاگری گەلی ئێران هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی".

لاریجانی وتی: "دوژمنان لە فیتنەی ئەم دواییانەدا دەیانویست یەکڕیزی نیشتمانی کەم بکەنەوە، بەڵام ئامادەبوونی خەڵک لە 22ی بەفرانباردا هەموو پلانە شەیتانییەکانی پووچەڵ کردەوە".

وتیشی، "تەنانەت بەرپرسانی ئەمریکاش درکیان بە بنبەستی سیاسەتەکانیان کردووە، وەک چۆن ویتکۆف ئاماژەی پێداوە، تڕەمپ سەرسام بووە لەوەی سەرەڕای هەموو فشارەکان گەلی ئێران نە دەترسن و نە تەسلیم دەبن".

عەلی لاریجانی جەختی لەوەکردەوە، "ئێران لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی راوەستاوە کە بریتین لە گەلێکی وشیار و ڕێبەرێکی ئاگا".

راشیگەیاند، "کردەوەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی دڵی گەلی ئێرانی سوتاند، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە ئەم کارانە بێ وەڵام نامێننەوە".

ئاژەی بەوەشدا، "گەلی ئێران وەک چۆن لە مێژوودا بەرامبەر هێرشی مەغۆلەکان و تەحەدیاتە گەورەکان وەستاوەتەوە، لەم قۆناغە سەختەش بە سەربەرزی تێپەڕ دەبێت".


AM:09:27:01/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت