سوپای پاسداران: تۆڵەی گەلی ئێران بەرۆکی بکوژانی ئیمامی ئومەت بەرنادات


وێستگەنیوز_

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، بە هاوبەشی لە نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و پشتراستکردنەوەی لە لایەن میدیا فەرمییەکانی ئیرانەوە، سوپای پاسداران پەیامێکی توندی بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت، "بەڵێنی تۆڵەیەکی سەخت دەدەین"

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-3-2026 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیاران و هێرشبەران بلاوکردۆتەوەو رایگەیاند، "ئەم کارە تاوانکاری و تێرۆریستییەی دەوڵەتانی پیسی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، بەزاندنی ئاشکرای هەموو بنەما ئایینی، ئەخلاقی و یاساییەکانە؛ بۆیە دەستی تۆڵەی گەلی ئێران بۆ سزادانێکی سەخت، بڕیاردەر و پەشیمانکەرەوە، بەرۆکی بکوژانی ئیمامی ئوممەت بەرنادات."

هەروەها دەڵێت، "بە شەهیدبوونی ئیمام خامنەیی، رێباز و سیرەی ئەو ناوەستێت و بە هێز و شکۆیەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت، ئەم شەهیدبوونە گەلەکەمان لەسەر درێژەدان بەو رێگە نوورانییە سوورتر دەکات."

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەسیج، بە هەموو هێزیانەوە پارێزگاری لە میراتی خامنەیی دەکەن و لە بەرامبەر هەر پیلانێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەوەستنەوە و "سزایەکی وانەبەخش" دەدەنە دەستدرێژیکاران.


AM:07:59:01/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت