روخاندنی كه‌مپی هۆڵ له سوریا كۆتایی به مه‌ترسی داعش نه‌هێنا
وێستگه‌نیوز –
دوابه‌دوای كه‌وتنی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2024 و كشانه‌وه‌ی ورده ورده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌سه‌ر زه‌وی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بونیاده ئه‌منییه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌م دۆسێیه‌ی كردبوو، نزیكه‌ی 20 هه‌زار دانیشتوی كه‌مپی هۆڵ، خۆیان له نه‌بوونی هه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی چاودێریكردنی روون و ئاشكرادا، بینییوه.
ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌م كێشه‌یه بۆ ساڵی 2019 ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوای روخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی رێكخراوی داعش، له‌و كاته‌دا ده‌یان هه‌زار ژن و منداڵ خۆیان له كه‌مپه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردندا بینیه‌وه، هاوكات نزیكه‌ی 10 هه‌زار پیاو و كوڕی گه‌نج، گوازرانه‌وه بۆ سه‌نته‌ره جیاوازه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستگیركردن كه هه‌ر هه‌موویان له‌ژێر ئیداره‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا بوون، به پاڵپشتی ڕاسته‌وخۆی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش.
دانیشتوانی كه‌مپی هۆڵ له قه‌ره‌باڵغترین ساته‌كانیدا، نزیكه‌ی 70 هه‌زار كه‌سی تێدابووه كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، له‌نێویاندا سوری و عێراقی و خه‌ڵكانی بیانی زیاد له 40 وڵات.
به‌ڵام ئه‌م كه‌مپه له غیابی نه‌بوونی سیستمێكی دادوه‌ریدا كاریده‌كرد، له نێوان لایه‌نێكی ناوخۆیی كه له رووی یاساییه‌وه، بۆی نه‌بوو دادگایی بیانییه‌كان بكات یان بیانگه‌ڕێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌ره‌كی وڵاتان كه رازنه‌بوون هاوڵاتییه‌كانیان وه‌ربگرنه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك منداڵ، به‌هۆی ئه‌و كارانه‌ی باوكه‌كانیان ئه‌نجامیاندابوو.
كه‌وتنی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2024، خاڵی وه‌رچه‌رخان و یه‌كلایكه‌ره‌وه بوو. لێره‌وه ئیداره‌ی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، هه‌وڵیدا به خێرایی له سوریا بكشێته‌وه و ته‌مویلكردنی به‌رنامه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعشی نه‌هێشت و داوای له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد، دۆسێی كه‌مپه‌كانی هۆڵ و رۆژ بگرێته ئه‌ستۆ، له‌گه‌ڵ فشارخستنه سه‌ر حكومه‌تی نوێی سوریا بۆ راده‌ستكردنی ئه‌م دۆسێیه.
به‌ڵام پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه، له كات و ساتێكی فشۆڵدا روویدا و پلان و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشی نه‌بوو. له 19ی كانوونی دووه‌می رابردوو، هێرش كرایه سه‌ر زیندانی ئه‌لشه‌دادی، ئه‌مه ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنی بۆ 200 ده‌ستگیركراو خۆشكرد، پاشان هه‌ندێكیان ده‌ستگیركرانه‌وه.
رۆژی دواتر، له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ویكردنی سوپای سوریا به‌ره‌و كه‌مپی هۆڵ، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له پێگه‌كانی خۆیان كشانه‌وه، ئه‌مه بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاژمێرێك، بۆشاییه‌كی ئه‌منی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی دروستكرد.
ئا له‌و كات و ساته‌دا، زانیاری جیاواز بڵاوكرانه‌وه، له لایه‌كه‌وه فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا، ره‌تیكرده‌وه پێش گه‌یشتنی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا، هیچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵهاتنیان بینیبێت. به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی دیكه، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد سه‌دان كه‌س، توانیویانه له نێو په‌شێوی و ئاژاوه‌گێڕیدا، له كه‌مپه‌كه بێنه‌ده‌ره‌وه و رابكه‌ن.
هاوكات به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ پلانێكی ڕوون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قۆناغی گواستنه‌وه له ئارادا نه‌بوو، داڕمانه‌كه خێراتر روویدا. هه‌ر بۆیه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پێنج هه‌زار و 700 ده‌ستبه‌سه‌ركراوی پیاوی، گواسته‌وه بۆ عێراق، له‌نێویاندا سوری، عێراقی و بیانییه‌كان، ئه‌م هه‌نگاوه، ئاڵۆزیییه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی لێكه‌وته‌وه. به‌ڵام نزیكه‌ی 25 هه‌زار كه‌س، له كه‌مپی هۆڵ و ڕۆژدا مانه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ستراتیژێكی ڕاگه‌یه‌ندراو بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت
دواتر حكومه‌تی سوریا نیازی خۆی بۆ داخستنی كه‌مپی هۆڵ ڕاگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ڕوویدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌كی ڕێكخراو نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌كی ئاژاوه‌گێڕانه بوو. گرته ڤیدیۆییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه كه ئۆتۆمبێله‌كان به‌بێ هیچ چاودێرییه‌كی دیار، ده‌چنه ناو كه‌مپه‌كه و ده‌رده‌چن.
راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن له 11ی شوباتدا، به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كان له‌ناوبراون و له ناوخۆی كه‌مپه‌كه‌دا پێكدادان روویداوه. ئه‌مه‌ش نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی ناچاركرد، كاره‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی رابگرن.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات، ده‌ركه‌وت نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س، كه‌مپه‌كه‌یان به‌جێهێشتووه، بێ ئه‌وه‌ی لیستێكی ورد به ناوی كه‌سه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی بۆی رۆشتوون، بوونی هه‌بێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی دیارنه‌ماون و بزربوون، یه‌ك گروپی و یه‌كسان و هاوئاهه‌نگ نین، هه‌ندێكیان ژن و منداڵی قوربانیانی ده‌ستی داعش بوون، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه ئاواره بوون یان له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌دایك بوون. هه‌ندێكی دیكه‌یان توندڕه‌وه‌كان بوو كه تا ئێستاش، پابه‌ندن به ئایدۆلۆژیای تووندڕه‌وییه‌وه و هه‌وڵی زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه ده‌ده‌ن. له نێوان ئه‌م دوو گروپه‌دا، هه‌ندێك كه‌سی دیكه‌ی خۆڵه‌مێشی هه‌ن، حه‌وت ساڵه له ژینگه‌یه‌كی پڕ له تووندڕه‌ووی و تووندوتیژیدا ده‌ژین.
مه‌ترسیدارترین توێژ منداڵه‌كانن، ئه‌وان سه‌ره‌تا له ژێر توندوتیژیی ڕێكخراوه‌كه‌دا گه‌وره بوون و دواتر له ژێر بارودۆخی سه‌ختی كه‌مپه‌كاندا. ئێستا ده‌یان هه‌زاریان ئاواره‌بوون و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره، دووچاری بازرگانیكردن به مرۆڤ، ئیستغلالكردن، یان دووباره بوونه‌وه‌یان به داعش لێده‌كرێت. ئه‌وان پێویستیان به به‌رنامه‌ی تایبه‌تی پشتیوانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه كه پێش هه‌موو شتێك پێگه‌ی خۆیان وه‌ك قوربانی بناسن.
سوریا و عێراق، سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خێزانه گه‌ڕاوه‌كان، دوو رێبازی ته‌واو جیاوازیان گرتووه‌ته‌به‌ر. له سوریا، ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌زاران هاوڵاتی، به‌بێ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی یان به‌رنامه‌ی ڕوون بۆ چاكسازی گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی ئه‌وه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه كه دواتر، ئه‌و كه‌سانه به ئاسانی تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگا نابنه‌وه و به ئاسانی چاودێری ناكرێن، ئه‌مه وا ده‌كات له‌لایه‌ن تۆڕه تووندڕه‌وه‌كانه‌وه، بقۆزرێنه‌وه و ئیستیغلال بكرێن.
له به‌رامبه‌ردا، عێراق له‌ساڵی 2021وه، به‌رنامه‌ی فه‌رمی چاكسازی و سه‌رله‌نوێ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی گرتوووه‌ته‌به‌ر و زیاتر له 22 هه‌زار هاوڵاتی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌نێویاندا 191 هاوڵاتی، هه‌فته‌ی رابردوو گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق، رایگه‌یاند به‌نیازه دادگایی زیاتر له پێنج هه‌زار و 700 ده‌ستگیركراو بكات كه به‌م دواییه گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كه. به‌ڵام به‌غدا ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دای نوێ بووه‌ته‌وه، له‌وانه قه‌ره‌باڵغی زیندانه‌كان و تۆمارێكی خێرای دادگاییكردن، ئه‌مه نیگه‌رانیی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، هه‌زار و 200 عێراقی، به هۆی بوونی نووسراوی ده‌ستگیركردنیان، رازینه‌بوون بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق و حكومه‌تی سوریا، به هاوكاری و كۆمه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و هاوڵاتییه سوری عێراقیانه‌ی مابوونه‌وه، گواستوونیه‌تییه‌وه بۆ كه‌مپی "ئه‌ختا‌رین" له گونده‌واره‌كانی حه‌له‌ب.
كه‌مپی ڕۆژ كه نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌سی بیانی تێدایه و زۆرینه‌یان هاوڵاتی وڵاتانی خۆرئاوان، تا ئێستاش له ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا ماوه‌ته‌وه. هه‌ندێك وڵات به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌ستیان كردووه به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حاڵه‌ته تاكه‌كه‌سییه‌كان؛ ژنێكی به‌لجیكی له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی، ده‌سته‌جێ ده‌ستگیركرا. ئه‌لبانیاش ژنێكی گه‌ڕانده‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی كه له منداڵییه‌وه برابوو بۆ سوریا.
به‌ڵام به‌شی زۆری وڵاته‌كان، تا ئێستاش دوودڵن له گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌كانیان، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه به زۆره‌ملێ بگه‌ڕێنرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ئاینده‌دا، واقیعێكی یاسایی و ئه‌منی ئاڵۆز ده‌خاته‌وه.
ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق، هۆشداریدا له‌وه‌ی شانه نووستووه‌كانی داعش له گه‌شه و زیادبووندان و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ژماره‌ی چه‌كداره‌كان، له ماوه‌ی ته‌نها یه‌ك ساڵدا، له دوو هه‌زاره‌وه، به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ده هه‌زار
هه‌نووكه پرسیاره هه‌ره زه‌ق و سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌مه‌یه: ئه‌و 20 هه‌زار كه‌سه‌ی كه ته‌نها له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا، بێسه‌روشوێن بوون، چی‌یان به‌سه‌ر دێت؟
ڕه‌نگه هه‌ندێك هه‌وڵ بده‌ن به هێمنی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتانی ڕه‌سه‌نی خۆیان، هه‌ندێكی تریش ڕه‌نگه بچنه ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره نوێیه‌كان له ناوخۆ یان ده‌ره‌وه‌ی سوریا. ڕه‌نگه توندڕه‌وه‌كان، هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن ریزه‌كانی خۆیان یه‌كبخه‌نه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش سود له‌و گرژی و ئاڵۆزییه زۆرانه وه‌رده‌گرن كه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌یه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به قه‌یرانه‌كانی دیكه، پێده‌چێت ئه‌م پرسه جارێكی دیكه مه‌ترسی په‌راوێزخستنی له‌سه‌ر بێت. به‌ڵام ئه‌زموونی ساڵانی ڕابردوو، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه پشتگوێخستنی ئه‌م جۆره قه‌یرانان،ه نابێته هۆی نه‌مانی ئه‌وان، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان به شێوه‌ی مه‌ترسیدارتر.
ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی ڕاسته‌قینه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی قه‌یرانه‌كه نیشان نه‌درێت- له ڕووی یاسایی، مرۆیی و له ڕووی ئه‌منییه‌وه- ڕه‌نگه داعش له‌م بۆشاییه‌دا ده‌رفه‌تێكی نوێ بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له وێرانبوونی كه‌مپه‌كانه‌وه، دووباره دروست بكاته‌وه.
PM:10:35:26/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 128
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت