ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، گەڕی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە بەشداری شاندەکانی هەردوو وڵات لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەبچێت.


عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەردانی جنێڤی کرد، شەوی رابردوو لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، "بە بایەخەوە لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوتوێی پێشنیازەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیمان کردووە".

وەزارەتەکە دەڵێت، "عومان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پرۆسەی دیپلۆماسی و هەوڵدەدات بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت".

لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان، شاندەکەی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەبێت و لایەنی ئەمریکیش بە نوێنەرایەتی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبن.

دوو گەڕی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت و جنێڤ بەڕێوەچووە بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا بێت دانوستانەکان باش بوون.

دوێنێ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە کۆنگرێس رایگەیاند، "لە هەڵوێستی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبین و هەرگیز رێگە بە ئێران نادەم چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت".

هەروەها لە سەروبەندی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و دوای گەیشتنی تیمی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی بۆ جنێڤ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پەیامی ئەرێنی بڵاوکردەوە و خواستی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دووپاتکردەوە.


AM:09:28:26/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت