ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزا بەسەر چوار فەرماندەی هێزی پشتیوانی خێرادا دەسەپێنێت
وێستگەنیوز-
لە هەنگاوێکی نوێی نێودەوڵەتیدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، چوار لە دیارترین سەرکردەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرای، خستە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکانه‌وه.
بڕیارەکە هه‌ر یه‌ك لە عەبدولڕەحیم دەقلۆ، برای محەمەد حەمدان ده‌قلۆ"حه‌میده‌تی" فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، جادو حەمدان، ئەلفاتح ئیدریس "ئەبو لولو" و تیجانی موسای گرتووه‌ته‌وه.
بڕیارەکە تەنها لە ئیدانەکردنی سیاسی‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه، بەڵکو له‌وه زیاتره و له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، سه‌رچاوه داراییه‌كانی ئه‌و چوار كه‌سه‌یان بلۆككردووه.
هەروەها بڕیاره‌كه گه‌شتكردنی ئه‌و چوار كه‌سه‌ی بۆ وڵاتانی ئه‌ندام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یان په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاتانه‌دا، لێ قه‌ده‌غه كردوون.
ئەم سزایانە وه‌ك وەڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته نێوده‌وڵه‌تیانه دێت كه تۆماركراون و تێیدا ئه‌وه پشتڕاستكراوه‌ته‌وه كه ئه‌و چوار كه‌سه، به‌رپرسن له ئه‌نجامدانی پێشێلكاری هێجگار گه‌وره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ له سودان.
دوایین پێشهاتە مه‌یدانییه‌كانی جه‌نگی سودان، چه‌كداره‌كانی سه‌ر به هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF)، هێرشیان کردووه‌ته سەر شارۆچکەی موستەریحە، لە ویلایەتی دارفۆری باکوور، لە ڕۆژئاوای سودان و گرته ڤیدیۆییه‌كان، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن چه‌كدارانی هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا، ئاگریان له شارۆچكه‌كه به‌رداوه.
سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣وه، له شه‌ڕێكی قورسدایه له‌گه‌ڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە فەرماندەیی جێگری پێشووی سوپای سودان حه‌میده‌تی و له شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌یان هه‌زار كه‌س كوژراون و ملیۆنان هاوڵاتی دیكه ئاواره‌بوون و یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی له جیهاندا دروستکردووە.
شەڕەکە بە تایبەت ناوچەی دارفۆری لە ڕۆژئاوای سودان وێران کردووە، کە هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا، كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچه‌یان كردبوو.
PM:12:50:25/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 92
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت