دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا: شەرم لە هەندێک لە ئەندامانی دادگاکە دەکەم
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی هەڵوەشاندەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، شەرم لە هەندێک لە ئەندامانی دادگاکە دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 20ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە وەڵامی بڕیارەکەی دادگای باڵای دایەوە و رایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگا لەسەر باجەکان زۆر جێگەی بێئومێدییە و شەرم لە هەندێک لە ئەندامانی دادگاکە دەکەم کە ئازایەتی ئەوەیان نەبوو بڕیارێکی دروست بۆ وڵاتەکەمان بدەن".
ئاماژەی بەوەکرد، "بە بڕوای من دادگا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان و بزووتنەوەیەکی سیاسیی بچووک".
ترەمپ وتی، "ئەو وڵاتانەی ساڵانێکە دەمانبڕنەوە و فێڵمان لێ دەکەن، ئێستا لە خۆشیدا دەفڕن و لەسەر شەقامەکان سەما دەکەن، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە سەماکەیان زۆر درێژە ناکێشێت".
وتیشی، "من 8 جەنگم یەکلا کردووەتەوە و کۆتاییم پێ هێناون، حەز بکەن یان نا، باجەکان بەکارهێنراون بۆ کۆتاییهێنان بە 5 لەو جەنگانە، لەنێویاندا کێشەی نێوان هیندستان و پاکستان کە جەنگێکی گەورە بوو و ئەگەری هەبوو ببێتە جەنگێکی ئەتۆمی".
دادگای باڵای ئەمریکا رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا، ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست".
دادگاکە کە زۆرینەی کەسانی پارێزگارن، بە دەنگی 6 دادوەر بەرامبەر 3 دادوەر بڕیاریدا کە یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان (IEEPA) رێگە بە سەرۆک نادات پێناسی گومرگی بسەپێنێت.
PM:09:46:20/02/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت