به‌ڤیدیۆ... بازرگانێك هێرش ده‌كاته سه‌ر پاسه‌وانێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون
وێستگه‌نیوز -
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 20ی شوباتی 2026، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا، له كۆمه‌ڵگایه‌كی نیشته‌جێبوونی به‌ناوبانگی میسردا، بازرگانێك ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر یه‌كێك له ئه‌ندامانی سیكورتی كۆمه‌ڵگاكه و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه، بازرگانێكی دانیشتووی كۆمه‌ڵگاكه، له ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی پێنجه‌م، له خۆرهه‌ڵاتی قاهیره، به‌ره‌و ڕووی یه‌كێك له ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی كۆمه‌ڵگاكه ده‌ڕوات و لێیده‌دات و شه‌ق له سكی هه‌ڵده‌دات، پاشان چه‌ند جارێك بۆكس له رووخساری ده‌وه‌شێنێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان، وه‌ڵامی بداته‌وه یان به‌رگری له‌خۆی بكات.
زۆرێك سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه و جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه پاسه‌وانه‌كه ده‌یتوانی به‌رگری له‌خۆی بكات، به‌ڵام ئه‌و له پێناو ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی بژێوییه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دات، پێی باش بووه به بێده‌نگ بمێنێته‌وه و هیچ په‌رچه‌كردارێك ئه‌نجام نه‌دات. هه‌روه‌ها زۆرێك داوایان كردووه كه‌سی ده‌ستدرێژكار، ده‌ستگیربكرێت و دادگایی بكرێت.
چه‌ند كاتژمێرێك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆییه‌كه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسر رایگه‌یاند به گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كان، ده‌ركه‌وتووه ڕووداوه‌كه له 19ی ئه‌م مانگه ڕوویداوه و یه‌كێك له ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كان و یه‌كێك له دانیشتوانی كۆمه‌ڵگاكه كه به‌هۆی لێدانه‌كه و جنێودانه‌وه، زیانیان به‌ركه‌وتووه، رووداوه‌كه‌یان به پۆلیسی كۆمه‌ڵگای پێنج راگه‌یاندووه و پێكه‌وه سكاڵایه‌كی فه‌رمیان دژ به‌و بازرگانه تۆمار كردووه كه له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه.
به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات پاسه‌وانه‌كه شوێنی شه‌ق و بۆكس به‌سه‌ر چه‌ند شوێنێكی جه‌سته‌یه‌وه دیاره. هاوكات هاوڵاتییه‌كه‌ی دی كه دانیشتووی هه‌مان كۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبوونه، به ده‌سه‌ڵاتدارانی راگه‌یاندووه به‌هۆی ئه‌و بازرگانه‌ی له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه و له هه‌مان كات دراوسێیه‌تی، زیانی پێگه‌یشتووه، چونكه كاتێك هاتووه‌ته نێوانیانه‌وه و سه‌رزه‌نشتی بازرگانه‌كه‌ی كردووه به‌وه‌ی له پاسه‌وانه‌كه‌ی داوه، بازرگانه‌كه به شێوه‌ی زاره‌كی ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر و جنێو و قسه‌ی ناشرینی پێوتووه.
دوای ته‌واوبوونی رێكاره یاساییه‌كان، كه‌سی تۆمه‌تبار كه خاوه‌ن كارگه‌یه، ده‌ستگیركرا و له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا دان به‌وه‌دا ده‌نێت ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه، پاساوی بۆ كاره‌كه‌ی ئه‌وه بووه پاسه‌وانه‌كه ئه‌ركه‌كانی به‌جێنه‌هێناوه و به‌مه‌ش زیانی لێكه‌وتووه. هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه به‌رامبه‌ر به هاوڵاتییه‌كه‌ی دی كه هاتووه‌ته نێوانیانه‌وه و ده‌ستوه‌ردانی كردووه.
وه‌زاره‌ت له به‌یاننامه‌كه‌یدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه هه‌مو رێكاره یاساییه‌كان ته‌واوبوون و داواكاری گشتی ئه‌ركی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ.
PM:04:00:20/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت