هیێلاری كلینتۆن: تالیبان ئه‌فغانستانی گۆڕیوه بۆ سیمبولێكی جیهانی رق له ژنان
وێستگەنیوز-
هێلاری كلینتۆن، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له وتارێكی نوێ‌دا ده‌ڵێت له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، خراپترین نموونه‌ی تووندڕه‌وی رق له ژنان كه بكرێت له‌مڕۆدا بیبینین، له ئه‌فغانستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تالیباندایه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت تالیبان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌ركردن و دوورخستنه‌وه‌ی ژنان بوو له كۆمه‌ڵگە.
وتاره‌كه‌ی هێلاری كلینتۆن به ناونیشانی "مافه‌كانی ژنان مافی دیموكراسییه" له گۆڤاری "فۆرین ئه‌فیرز"ی ئه‌مریكی بڵاوبووه‌ته‌وه و باس له شێوازه‌كانی سه‌ركوتكردنی ژنان و ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه، له‌سه‌ر دیموكراسی و سه‌قامگیری جیهانی ده‌كات.
هێلاری یه‌كێكه له دیارترین ئه‌و كه‌سایه‌تییه ژنانه‌ی له ئه‌مریكا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه و له وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كاتێك تالیبان له ساڵی 2021 گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌فغانستان و ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، یه‌كه‌م ڕێكار كه ئه‌نجامیدا، دوورخستنه‌وه‌ی ژنان بوو له سه‌رجه‌م ڕۆڵه گشتییه‌كان و بینراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات به ماوه‌یه‌كی كورت، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تالیبان بۆ حوكم، كچان بێبه‌ش كران له خوێندنی ناوه‌ندی، په‌یوه‌ندیكردنی ژنان به زانكۆكان و وه‌رگرتنی پۆستی گشتی قه‌ده‌غه‌كرا.
هه‌روه‌ها كاركردنی پیشه‌یی ژنان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ قه‌ده‌غه‌كرا.
وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه رژێمی تالیبان، پێیوایه گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێكارانه، بۆ پاراستنی به‌هاكانی ئیسلام و ناسنامه‌ی نیشتیمانییه. به‌ڵام چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له جیهاندا هه‌یه، تێیدا ئیسلام و دیموكراسی، پێكه‌وه و له یه‌ككاتدا گه‌شه ده‌كه‌ن.
هێلاری له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئامانجی راسته‌قینه‌ی ئه‌م سه‌ركوتكردنه روون و ئاشكرایه، بریتییه له بێبه‌شكردنی ژنان له‌وه‌ی خاوه‌نی دارایی خۆیانبن، ده‌ستیان نه‌گات به زانیارییه‌كان، كاریگه‌ری سیاسی‌یان نه‌بێت و جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتێك نیوه‌ی دانیشتوان له ژیانی گشتی بكاته ده‌ره‌وه.
ئه‌م خانمه هۆشداریدا له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی تووندڕه و سته‌مگه‌ری دیكه هه‌یه، له نزیكه‌وه و به وردی چاودێری ئه‌زموونی تالیبان ده‌كه‌ن و لێیه‌وه فێرده‌بن، چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك، ده‌توانن سه‌ركوتی ژنان بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا هاتووه له وڵاتانی وه‌ك ئێران، كچانی گه‌نج، به‌هۆی لابردنی حیجابه‌كه‌یانه‌وه، روبه‌ڕووی گرتن و كاری تووندووتیژی ده‌بنه‌وه. له وڵاتانی وه‌ك چین و پۆڵه‌نده و روسیا و هه‌ندێك له حكومه‌ته‌كان، به پاساوی زیادكردنی رێژه‌ی منداڵبوون، هانی ژنان ده‌ده‌ن له كایه‌ی گشتی پاشه‌كشه بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
هێلاری پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات رژێمه ستمگه‌ره‌كان، چ عه‌لمانی یان ئاینی، خۆرئاوایی یا خۆرهه‌ڵاتی، پێشكه‌وتوخواز یا دواكه‌وتوو، هه‌رچه‌نده جیاوازن، به‌ڵام له پێشێلكردن و دژایه‌تیكردنی مافه‌كانی ژنان هاوبه‌شن و دیكتاتۆره‌كان به هه‌مو جۆره جیاوازه‌كانیانه‌وه، ژنان به ئامانج ده‌گرن.
ئه‌م به‌رپرسه‌ی پێشووی ئه‌مریكا، له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، باس له دۆخی دیموكراسی ده‌كات له جیهاندا و پێیوایه رژێمه ستمگه‌ره‌كان، ژماره‌یان زیاتر بووه له رژێمه دیموكراسییه‌كان و نزیكه‌ی سێ به‌شی دانیشتوانی جیهان، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمه ده‌سه‌ڵاتگه‌ره‌كاندا ده‌ژین.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "زۆرجار ئه‌وه دۆخی مافه‌كانی ژنانه، له هه‌ر وڵاتێكدا ده‌بێته یه‌كه‌م ئاماژه، بۆ راستی و دروستی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و رژێمه دیموكراسییه یان نا".
به‌لای ئه‌م خانمه‌وه، هێرشكردن بۆ سه‌ر مافه‌كانی ژنان و ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌ستیان و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی به‌شداریكردنیان له كۆمه‌ڵگا، زۆرجار ئه‌و شتانه‌ن كه پشتگوێ ده‌خرێن. به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كانی ده‌بێته هۆی لاوازكردنی خێرای دیموكراسی، چونكه دامه‌زراوه‌كان له ناوه‌رۆكیان به‌تاڵده‌كاته‌وه، ئۆپۆزسیۆن قه‌ده‌غه ده‌كات، ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌ك كۆده‌بێته‌وه و هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵات بوونی نابێت. گرتنه‌به‌ری ئه‌م رێچكه‌یه‌ش، شتێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی پلان بۆ داڕیژراوه و به مه‌به‌ست ده‌كرێت.
هێلاری پێیوایه ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، دیارترین نموونه‌یه بۆ په‌یڕه‌وكردن له سیستمی باوك سالاری له رژێمه ستمگه‌ره‌كاندا و پوتین سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی نێودەوڵەتی نالیبراڵ و دژه ژن و دژه كۆچبه‌ران ده‌كات، هه‌وڵده‌دات مافه‌كانی ژنان به‌رته‌سك بكاته‌وه و كۆچبه‌ران ده‌ربكات و هاوپه‌یمانه دیموكراسییه‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و سیستمی نێوده‌وڵه‌تی كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما راگیراوه، لاواز بكات.
PM:01:09:19/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 108
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت