له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا مۆسكۆ ته‌واوی گه‌لێكی به‌ره‌و سیبریا ده‌ركرد
وێستگه‌نیوز -
چیرۆكه مێژووییه‌كان
(چیرۆكی حه‌وته‌م)
به درێژایی نیو سه‌ده، جۆزێف ستالین به چنگێكی پۆڵاین، حوكمی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كردووه و به‌درێژایی ساڵانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، بۆ رزگاربوون له دوژمن و نه‌یاره‌كانی، دوو دڵ نه‌بوو له به‌كارهێنانی چه‌ندین شێواز ترسناك، له‌وانه له‌سێداره‌دان و ره‌وانه‌كردن بۆ ناوه‌نده‌كانی كاركردنی زۆره‌ملێ له ناوچه چۆڵ و دووره ده‌سته‌كانی وڵات.
جگه له‌وه‌ی ستالین هۆكار بووه بۆ كوشتنی لانی كه‌می 20 ملیۆن كه‌س، چ به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ. مێژوونووسان مه‌زه‌نده ئه‌وه ده‌كه‌ن ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ستالین دا دوورخراونه‌ته‌وه، به زیاد له 7 ملیۆن كه‌سه داده‌نێن. له نێو ئه‌وانه‌دا ناوی گه‌لی (قەڵمیقییەکان / Kalmyks) دێت، ئه‌مانه له گه‌رمه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، به تۆمه‌تی خیانه‌ت، له زێدی خۆیان دوورخرانه‌وه و ره‌وانه‌ی ناوچه چۆڵ و دووره ده‌سته‌كان كران.
قەڵمیقییەکان گه‌لێك بوون، له هۆزه‌كانی نۆیرات پێكهاتبوون كه له ناوچه‌كانی مه‌نگۆلیا و جۆنگاریا نیشته‌جی بوون، له ماوه‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده، زێدی خۆیان به‌جێده‌هێڵن و له كه‌ناراوه‌كانی رووباری ڤۆڵگا ده‌گیرسێنه‌وه. ئه‌م گه‌له به درێژایی سه‌ده‌كان، پارێزگاریان له كه‌لتوور و دابونه‌ریتی خۆیان كردووه و په‌یڕه‌ویان له بوودیزمی تبتییه‌كان كردووه.
له‌گه‌ڵ دروستبوونی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، قەڵمیقییەکان بوونه خاوه‌نی كۆماری سه‌ربه‌خۆی خۆیان و له ناوجه‌رگه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، حوكمی ئۆتۆنۆمی خۆیان هه‌بوو. به‌ڵام پێش ئه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری قەڵمیقییەکان، له ماوه‌ی جه‌نگی ناوخۆی روسیادا، هاوشانی سوپای سپی روسیا، شه‌ڕیان ده‌كرد و روبه‌ڕووی به‌لشه‌فییه‌كانی سوپای سور بوونه‌وه. له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی به‌لشه‌فییه‌كان، به‌شی زۆری قەڵمیقییەکان، پێیان باشبوو روسیا به‌جێبێڵن و بڕۆن له وڵاتانی دراوسێ نیشته‌جێ ببن.
له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، ستالین هه‌ڵمه‌تێكی دژ به ئاینه‌كان و بیروباوه‌ڕه‌كان ده‌ستپێكرد، له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كاره‌دا، ناوچه‌ی قه‌ڵمیقیا، وێرانكردن و تێكشكاندنی سه‌رجه‌م په‌رستگا بوودییه‌كانی به‌خۆیه‌وه بینی كه ژماره‌یان 175 په‌رستگا بوو.
دواتر له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، چه‌ند به‌شێكی ناوچه‌ی قه‌ڵمیقیا، كه‌وته ژێر كۆنترۆڵی ئه‌ڵمانیا. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، ئه‌ڵمانیا لانی كه‌م 5 هه‌زار هاوڵاتی قه‌ڵمیقی پڕچه‌ك كرد، تاكو بێنه ریزه‌كانی سوپای ئه‌ڵمانیا و له‌و فه‌یله‌قه‌ی پێیده‌ترا سوارچاكانی قه‌ڵمیقیا ده‌ستبه‌كاربن. وه‌لێ له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، نزیكه‌ی زیاد له 23 هه‌زار هاوڵاتی قه‌ڵمیقی چوونه رێزی سوپای سور و پێیان باشبوو چه‌ك بۆ به‌رگریكردن له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ڵبگرن.
به‌ڵام ئه‌مه بۆ جۆزێف ستالین به‌س نه‌بوو، هه‌ر بۆیه به فرمانێكی راسته‌وخۆ ستالین، پلانی گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی قەڵمیقییەکان له زێدی خۆیانه‌وه، بۆ ناوچه دوور و سارده‌كانی سیبریا دانرا، تاكو له‌وێ له ناوه‌نده‌كانی كاری زۆره‌ملێ كه به غۆلاگ ناسراوه كار بكه‌ن.
(غۆلاگ سیستمێكی زیندانیكردن بوو، له شوێنه دوور و سارده‌كانی سیبیریا، تێیدا كه‌سه‌كه له كه‌ش و هه‌وایه‌كی زۆر سادر و به‌سته‌ڵه‌كدا، به زۆره‌مڵێ كاری سه‌خت و تاقه‌تپڕوكێنی پێده‌كرا، وه‌ك داربڕین، لێدانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، دروستكردنی رێگاوبان. ئه‌م سیستمی زیندانیكردنه، زیاتر بۆ سزادانی دوژمن و نه‌یاری سیاسی و ئه‌وانه‌ی به خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌ه‌كران و ترساندنی میلله‌ت به‌كارده‌هات. و.ك).
كۆچی زۆره‌ملێی 93 هه‌زار هاوڵاتی و مردنی 16 هه‌زار كه‌س
له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی گواستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی گه‌لان له زێدی خۆیان و نیشته‌جێكردنیان له شوێنی دیكه، ملیۆنان كه‌س له دانیشتوانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له نیشتیمانی خۆیان گواستراونه‌ته‌وه بۆ شوێنی دیكه. ستالین له چوار چێوه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا، فرمانیدا به گواستنه‌ه‌وه‌ی قه‌ڵه‌میقییه‌كان و ژنانی گه‌لانی دیكه، ئه‌و ژنانه‌ی هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌میقییه‌كان كردبوو، بۆ ناوه‌نده‌كانی كاری زۆره‌ملێ له سیبیریا.
له نێوان رۆژانی 28 و 31 كانونی یه‌كه‌می ساڵی 1943، لاڤرێنتی بێریا (Lavrentiy Beria) فەرماندەی کۆمیسیاری گەل بۆ کاروباری ناوخۆ، سەرپەرشتی پرۆسه‌ی ره‌وانه‌كردن و كۆچپێكردنی قه‌ڵه‌میقییه‌كانی گرته ئه‌ستۆ. ئه‌م فه‌رمانده‌یه، بۆ ته‌واوكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی، پشتی به10 هه‌زار ئه‌ندامی كۆمیسیاری گه‌ل بۆ كاروباری ناوخۆ و كۆمیسیاری گه‌ل بۆ ئاسایشی ده‌وڵه‌ت به‌ست.
لاڤرێنتی بێریا، له كاتی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 93 هه‌زار هاوڵاتی قه‌ڵه‌میقییه‌كان بۆ سیبیریا، پشتی به‌و تراكتۆر و ئۆتۆمۆبیلانه به‌ست كه تایبه‌ت بوون به گواستنه‌وه‌ی مه‌ڕ و به‌راز. هه‌ر بۆیه به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی گواستنه‌وه و نزمی پله‌كانی گه‌رما و بوونی سه‌رمای زۆر و نه‌بوونی ترسناكی كه‌می خۆراك، نزیكه‌ی 16 هه‌زار هاوڵاتی قه‌ڵه‌میقی ، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ن به سیبیریا، له‌سه‌ر رێگا و بانه‌كان كۆچی دواییان كرد.
دوای مردنی ستالین و سه‌ره‌تای ریشه‌كێشكردنی سیاسه‌تی ستالینی، سه‌رۆكی نوێی سۆڤیه‌ت نیكیتا خرۆشۆف، رێز و شكۆ و كه‌رامه‌تی بۆ قەڵمیقییەکان گه‌ڕانده‌وه و له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 1956، رێگه‌یدا سه‌ربازگاكان به‌جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان.
PM:05:43:14/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 476
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت