ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە دەکات


وێستگه‌نیوز –

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشوازییان لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد کە بریتیە لە ئاگربەستی هەمیشەیی و رێکخستنەوەكانی تایبەت بە یەکگرتنەوەی مەدەنی، ئابووری، ئیداری و سەربازی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا.


لە راگەیەندراوێكی رۆژنامەوانیدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی هەردوو لایەن بە رێککەوتنەکە کردووەتەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر راگەیاندووە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشدارییان تێدا کردووە لە کاتی شەڕی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست و بەردەوامبوون لە بوژانەوەی سوریا لە دوای شەڕ.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە جەختیان لەسەر بەرپرسیارێتی سەرەکی حکومەتی سوریا کردووەتەوە، کە پارێزگاری لە هەموو هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بکات، بە کوردەکانیشەوە.

هاوكات پێشوازییان له مەرسومی سەرۆکایەتی ژماره 13 ی زامنی مافەکانی کورد کردو هانی هەنگاوی زیاتریان دا له ئاوێتەکردنی نوێنەرانی کورد له ناو حکومەت و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاواره کوردەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەپێى راگەیاندراوەكە پێزانینی خۆیان بۆ ئەو قوربانییە بێئەندازەيه دەربڕی كە لە شەڕی داعش لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا روویدا.

داواشیان لە هەموو لایەنەکان کرد، خۆیان لە هەر بۆشایییەکی ئەمنی لە ناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش و دەوروبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بەدوور بگرن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازی لەو رۆڵە گرنگە دەكەن کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داعش دەیبینن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پابەندبوونی پتەوی خۆی بە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات کردەوە و داوای لە هەموو دەوڵەتەكان کرد کە رێز لەم بنەمایانە بگرن و خۆیان لە هەر کردارێک یان دەستێوەردانێک بپارێزن کە وڵاتەکە زیاتر ناسەقامگیر بکات.


AM:11:06:13/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو