وه‌زیرێكی ئیسرائیل: هه‌ر رێككه‌وتنێكی نێوان واشنتۆن و تاران به‌های نییه
ئیلی كوهێن، وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل
وێستگه‌نیوز –
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 8ی شوباتی 2026، ئیلی كوهێن، وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل رایگه‌یاند هه‌ر رێكه‌وتنێكی پێشبینیكراوی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، هیچ به‌هایه‌كی نییه و بژارده‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ تاران، به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
پێگه‌ی "وای نێت"ی ئیسرائیلی كه سه‌ر به رۆژنامه‌ی "یه‌دیعوت ئه‌حرۆنۆت"ه، له‌سه‌ر زاری ئیلی كوهێن بڵاویكردووه‌ته‌وه كه "هه‌ر رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ رژێمی ئێستای ئێران، هیچ به‌هایه‌كی نییه و گۆڕینی رژێمی ئێران، له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو وڵاتانی موسڵمانی ده‌وروبه‌ری ئێرانه".
لێدوانه‌كانی كوهێن دوای ده‌ستپێكردنی دانوستانی نێوان نوێنه‌رانی هه‌ردوو حكومه‌تی ئه‌مریكی و ئێرانی هات كه رۆژی هه‌ینی رابردوو، له مه‌سقه‌تی پایته‌ختی عومان كۆبوونه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م دانوستانانه، تا حاڵی حازر، واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده دیاریكرابێت.
وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئیسرائیل ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ببینێت، ئه‌وا رێكاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌ڵێت: "ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تی گه‌یشتن به رێكه‌وتنیش، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك دژ به ئیسرائیل ده‌ركه‌وێت و ناچارببین مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین".
ئیسرائیل داوای ئه‌وه ده‌كات هه‌ر رێكه‌وتنێكی پێشبینیكراو له نێوان واشنتۆن و تاران، پێویسته كۆت و به‌ند له‌سه‌ر به‌ر‌نامه موشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێران له‌خۆبگرێت. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، راگرتنی كۆمه‌كی ئێران بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا له‌خۆبگرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جه‌دعۆن ساعر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، له میانه‌ی چاوپێكه‌وتانی له‌گه‌ڵ رۆبین رامیریز هاوتا بارۆگواییه‌كه‌ی، رایگه‌یاند كه "ئێران گه‌له‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت و كار بۆ تێكدانی سه‌قامگیری له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات".
هه‌روه‌ها هۆشداریدا له‌وه‌ی هه‌وڵی تاران بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی "هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی روونه بۆ سه‌ر ئاشتی له ناوچه‌كه و جیهان و موشه‌كه دوور هاوێژه‌كانی ئێران، ته‌نها هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر ئیسرائیل. به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌كانی درێژده‌بێته‌وه بۆ سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپاش".
PM:10:44:08/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 136
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت