عەباس عێراقچی: لەنێوان بژاردەی دیپلۆماسی و شەڕ، دیپلۆماسی هەڵدەبژێرین هیوادارین ئەمریکاش وابکات


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەری شەڕ هەمیشە هەیە و ئامادەین بۆی، ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە لەنێوان بژاردەی شەڕ و دیپلۆماسی، دیپلۆماسی هەڵدەبژێرین هیوادارین ئەمریکاش هەر دیپلۆماسی هەڵبژێرێت.


ئەمڕۆ شەممە 7ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "ئەگەری شەڕ هەمیشە هەیە و ئامادەین بۆی، دوێنێ بە دانوستانکارانی ئەمریکام گوت کە دوو بژاردەمان لەبەردەمدایە: شەڕ و دیپلۆماسی".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵبژاردنی ئێمە دیپلۆماسییە، بەڵام تەنانەت زیاتر لە پێشووتر بۆ هەردوو بژاردە ئامادەین. هیوادارین ئەمریکا دیپلۆماسی هەڵبژێرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە توانای هێرشکردنە سەر خاکەکەیمان نییە، کەواتە ئێمە هێرش دەکەینە سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە و بەمەش هەموو ناوچەکە دەچێتە ناو شەڕەوە".

وتیشی، "ئێمە هێرش ناکەین بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو هێرش دەکەینە سەر بنکەکانی ئەمریکا، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم دووانەدا هەیە".

باسی لەوەشکرد، "گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات رەت دەکەینەوە، بەڵام ئامادەین ئاستی پیتاندن کەم بکەینەوە".

هەروەها راشیگەیاند، "سەبارەت بە پرسی مووشەک، ئەمە بۆ ئێمە پرسێکی تەنیا بەرگرییە و جێگای گفتوگۆ نییە، نە لە ئێستا و نە لە داهاتوو".


PM:05:17:07/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو