عەلی خامنەیی بۆ ئەمریکا: ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی


وێستگەنیوز-

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەنێت، دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەن، ئاماژەی بەوەکرد، هەڕەشەکانی ئەمریکا گەلی ئێران ناترسێنێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەین، بەڵام بە تووندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە ئەمریکییەکان ئەوە بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە".

خامنەیی جەختی لەوەشکردەوە، هەڕەشەکانی ئێران جددی نین و ئەوەی باس لە بژاردەی سەربازی و فڕۆکە و کەشتی دەکەن، تەنیا قسەیە، لە رابردوودا چەندینجار وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام ئەمانە قسەی جددی نین.

لەبارەی ناردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگر بۆ ئێران خامنەیی وتی، "ئەم هەڕەشانە گەلی ئێران ناترسێنێت و کاریگەریشی نابێت".

عەلی خامنەیی راشیگەیاند، "پێش زیاتر لە 30 ساڵ ئەمریکییەکان لە ئێران بوون، سەرچاوەکانی نەوت، سیاسەت، ئاسایش لە دەستیان دابوو، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جیهان لە دەستی ئەواندا بوو، هەموو شتێک بە دڵی ئەوان بوو، بەڵام 30 ساڵە دەستیان بڕدراوە و ئێستاش دەیانەوێت هەمان سەردەمی پەهلەوی بگەڕێننەوە، بەڵام گەلی ئێران بە بەهێزییەوە سنگیان کردووەتە قەڵغان و رێگرن لەبەردەمیان، ئێستاش کە بۆیان ناسازێت، باس لە دوژمنی و شەڕ و قسەی پڕوپچ لە بارەی مافی مرۆڤەوە دەکەن".

وتیشی، "ئاژاوەگڕیی ئەم دوایە لە شێوەی کودەتا بوو، بەڵام سەرکوتکرا و ئامانجیان تێکدانی ناوەندە هەستیار و کاریگەرەکانی وڵات بوو، هەربۆیە پەلاماری بنکەی پۆلیس، دامەزراوەکانی حکومەت و سوپا، بانک و مزگەوتنەکانیان دەکرد و قورئانیان سووتاند".


PM:02:49:01/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت