رۆیتەرز: بەهۆی نوری مالیکییەوە مارک ساڤایا لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە


وێستگەنیوز-

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، مارک ساڤایا، کە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە نێردەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرابوو لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.


چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار هەواڵی دوورخستنەوەی مارک ساڤایا-یان بۆ رۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوورخستنەوەی ساڤایا بۆ هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی شکستهێنانی لە رێگریی کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لە کاندیدکردنەوەی مالیکی راگەیاندووە".

ساڤایا خاوەنکارێکی بە رەچەڵەک مەسیحی عێراقی - ئەمریکییە و هیچ ئەزموونێکی دیپلۆماسی پێشوەختەی نییە، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە راکێشانی دەنگی عەرەب و موسڵمانانی میشیگان بۆ بەرژەوەندی ترەمپ.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا، دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگرێتە ئەستۆ. باراک هەفتەی رابردوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

هەروەها رۆیتەرز ئاماژەیداوە، نیشانەکانی دوورخستنەوەی ساڤایا بە روونی دەرکەوتوون، ئەکاونتی تایبەتی ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داخراوە و ئەو سەردانە فەرمییەشی کە بڕیاربوو هەینی رابردوو بۆ بەغدا بکات، لەناکاو هەڵوەشاوەتەوە، هەرچەندە ساڤایا خۆی رەتیکردووەتەوە گۆڕانکاریی لە پۆستەکەیدا کرابێت.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دایە عێراق و رایگەیاند، "ئەگەر نوری مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیران، ئەمریکا هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق رادەگرێت".

دوێنێ شەممە 31ی کانونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین هاوپەیمانیی شیعەکانە لە پەرلەمانی عێراق دووپاتیکردەوە، سوورن لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی ناوخۆیی و دەستوورییە و رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادەن.


AM:09:37:01/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو