وەزارەتی ناوخۆی سوریا: رەگەزنامە بە تەواوی کوردانی سوریا دەدرێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ناوخۆی سوریا بڕیاریدا رەگەزنامە بەو هاوڵاتییە کوردانە بدات کە دانیشتووی سوریان، بەپیێ بڕیارە کە بێت دەبێت بەزووترین کات ئەم کارە ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە وێنەیەکی دەست میدیاکان کەوتووە، رێنمایی ورد و بەپەلەی ئاراستەی "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شارستانی (نفوس)" کردووە بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە تایبەتە بە چارەکردنی کێشەی رەگەزنامەی کورد لەو وڵاتە.
بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی لیوا ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و بە (بەپەلە) ئاراستە کراوە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی چوارەمی مەرسوومەکە کراوەتەوە کە دەڵێت، "کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە ئیستیسناییانە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە دەرەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962ـی پارێزگای حەسەکە بوون".
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە کە دەبێت، "رەگەزنامەی سوری بدرێت بە هاوڵاتییانی بە رەچەڵەک کورد کە دانیشتووی خاکی سوریان، بە هەموو جۆرەکانیانەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە تۆمار نەکراون (مەکتومی قەید)، ئەمەش بە یەکسانیی تەواو لە ماف و ئەرکەکاندا".
وەزیری ناوخۆ لەسەر بنەمای مادەی 7ـی مەرسومەکە، فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شارستانی کردووە کە دەستبەجێ دەست بکەن بە ئامادەکردنی رێنماییە جێبەجێکارییەکان.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "رەچاوی ئاسانکردنی رێکارەکان بکرێت تا ئەو جێگایەی دەکرێت بۆ کەسوکاری کوردمان (أهلنا الكرد)."
وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتێکی کورتی بۆ تەواوکردنی ئەم رێکارانە دیاریی کردووە و داوای کردووە کە دەبێت هەنگاوەکان و رێنماییەکان زۆرترین کات تا رێکەوتی 5ی شوباتی 2026 تەواو بکرێن و وەزارەتی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
PM:07:27:28/01/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت