ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت: هێرشی ئەمجارەمان لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی ئەمجارەیان بۆ سەر ئەو وڵاتە، زۆر لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "Truth Social" رایگەیاند، "هێزێکی دەریایی (ئەرمادا) گەورە بەرەو ئێران بەڕێوەیە، بە خێرایی و بە هێز و مەبەستەوە دەجوڵێت، ئەم کەشتیگەلە، بە سەرۆکایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری مەزن 'ئەبراهام لینکۆڵن' دەجوڵێت و گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردرا".

ئاماژەی بەوەکرد، "وەک پێشتریش بە ئێرانم وتووە، رێککەوتنێک بکەن! ئەوان نەیانکرد، بۆیە 'ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو' روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی ئێران بوو، هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت، مەهێڵن ئەوە دووبارە ببێتەوە".

ترەمپ داوا لە ئێران دەکات بە زوویی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێت، "هیوادارم ئێران بە زوویی بێتە سەر مێز و دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بکات، بەبێ چەکی ئەتۆمی رێککەوتنێک بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت، کات لە تەواوبووندایە".

ئەم هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە، جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیکردووە.


PM:03:59:28/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو