له‌م ساڵه‌دا ئه‌وروپا گه‌مارۆی به‌سه‌ر ڤه‌نزوێلادا سه‌پاند و داوای قه‌ره‌بوویه‌كی خه‌یاڵی ده‌كرد
وێستگه‌نیوز -
چیرۆكه مێژووییه‌كان
(چیرۆكی شه‌شه‌م)
وڵاتی ڤه‌نزوێلا، دوای سه‌ربه‌خۆیی و له میانه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده، چه‌ندین جه‌نگ و شه‌ڕ ناوخۆی وێرانكه‌ری به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌م جه‌نگه ناوخۆیانه، له ماوه‌ی حه‌وت ده‌یه‌دا، بوونه هۆی كوژرانی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س و به‌شی هه‌ره زۆری كوژراوه‌كان، خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بوون. به‌ڵام هۆكاری به‌رپابوونی جه‌نگه‌كان، یان ئه‌وه‌تا به‌هۆی برسییه‌تییه‌وه بووه یان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌وه بووه.
له مانگی ته‌موزی ساڵی 1903، ڤه‌نزوێلا كۆتایی ئه‌م جه‌نگه ناوخۆییه خوێناویانه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، له‌و كاته‌دا سیپریانۆ كاسترۆ (Cipriano Castro) كه له ساڵی 1899وه، سه‌رۆكی وڵات بوو، توانی به ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و به چنگێكی پۆڵاین، حوكمی ڤه‌نزوێلا بكات، تا ئه‌و كاته‌ی له ساڵی 1908 له ده‌سه‌ڵات لادرا.
له گه‌رمه‌ی ئه‌و رووداوانه‌دا، قهنزوێلا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا، خۆی له دۆخێكی زۆر سه‌ختدا بینییه‌وه. چونكه ئه‌و وڵاتانه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزیان ده‌كرد و داوایان ده‌كرد ڤه‌نزوێلا قه‌رزه‌كانی بداته‌وه و قه‌ره‌بوویه‌كی گه‌وره‌شیان بكاته‌وه.
گه‌مارۆی ده‌ریایی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، ئیداره‌ی سه‌رۆك سیپریانۆ كاسترۆ، به‌هۆی به‌رده‌وامی دۆخی ناسه‌قامیگری وڵات، رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی خنكێنه‌ر بوه‌وه. ئاخر ڤه‌نزوێلا به درێژایی ماوه‌ی جه‌نگه ناوخۆییه‌كان، به قه‌رز، بڕێكی زۆر پاره‌ی له ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی وه‌رگرتبوو، له‌وانه به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا. له‌گه‌ڵ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانه ئابورییه‌كه‌ی، ڤه‌نزوێلا ساڵی 1901، ده‌ستیكرد به راگرتنی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ڤه‌نزوێلا، لای وڵاتانی قهرزپێدراو، نیگه‌رانی و توڕه‌یی لێكهوتهوه.
لێره‌وه هه‌ر یه‌ك له به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا، له‌پای وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان، په‌نایان برده به‌ر به‌كارهێنانی سیاسه‌تی كه‌شتیگه‌لی تۆپهاوێژ. ئه‌م وڵاتانه ژماره‌یه‌ك له كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانیان نارده كه‌ناراوه‌كانی ڤه‌نزوێلا و له مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 1902، گه‌مارۆیه‌كی ده‌ریاییان خسته سه‌ر ڤه‌نزوێلا. هه‌ر سێ وڵات، بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكه‌یان، داوایان له ڤه‌نزوێلا كرد، بڕی 120 ملیۆن بۆلیڤار كه قه‌رزی پێشوو بووه بداته‌وه، له‌گه‌ڵ 40 ملیۆن بۆلیڤار وه‌ك قازانجی ئه‌و پاره‌یه. هه‌روه‌ها به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا، داوایانكرد بڕی 186 ملیۆن بۆلیڤار، وه‌ك قه‌ره‌بوو بدات به‌و هاوڵاتیانه‌ی له ڤه‌نزوێلا موڵك و ماڵی خۆیان له‌ده‌ستداوه و به‌هۆی جه‌نگه ناوخۆییه‌كانه‌وه، ڤه‌نزوێلایان به‌جێهێشتووه.
بێلایه‌نی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌كه
له‌و ماوه‌یه‌دا، سه‌رۆك سیپریانۆ كاسترۆ، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وروپییه‌كانی ره‌تكرده‌وه و رازی نه‌بوو هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بدات. سپپریانۆ باوه‌ڕی ته‌واوی به‌وه بوو، ئه‌و وڵاتانه ناتوانن په‌لاماری ڤه‌نزوێلا بده‌ن. چونكه ترسیان له "پرنسیپی مۆنرۆ/ مبدأ مونرو" هه‌بوو، به گوێره‌ی ئه‌م پرنسیپه، هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ئه‌وروپی بۆ كیشوه‌ری ئه‌مریكا، وا ده‌كات ئه‌مریكا هێزه‌كانی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ئه‌وروپییه بنێرێت.
له‌و رۆژگاره‌دا سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا تیۆدۆر رۆزفێڵت، به ته‌واوه‌تی ئاگاداری دۆخه‌كه بوو و ده‌یزانی چی رووده‌دات. هه‌ر به گوێره‌ی پرنسیپی مۆنرۆ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی نه‌بووه، له‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی، بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی شایسته داراییه‌كانیان، گورزی سه‌ربازی له ڤه‌نزوێلا بووه‌شێنن، مادام ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه، نابێته هۆی لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاكی ڤه‌نزوێلا. به‌م هۆیه‌وه، ئه‌مریكا، دوای وه‌رگرتنی گرنتی ئه‌وروپییه‌كان، له به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ی ڤه‌نزوێلا، بێلایه‌نی هه‌ڵبژارد.
لێكتێگه‌یشتن و نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا
سه‌ره‌ڕای له‌ناوچوون و وێرانبوونی تونا ده‌ریاییه كه‌مه‌كانی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وروپییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن و بۆردومانی چڕی وڵاته‌كه‌ی، كه‌چی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا ره‌تیكرده‌وه ئه‌و بڕه پارانه بدات. له‌بری ئه‌وه، پێشنیاری كرد دانوستان بۆ لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر دانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌رزانه بكه‌ن.
لێره‌وه به‌هۆی پشتیگری ئه‌مریكا و به‌ریتانیا بۆ ئه‌و پێشنیاره‌ی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا، هه‌ر یه‌ك له ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا، ناچاربوون به بیرۆكه‌ی دانوستان رازیبن و به دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌دا بگه‌ڕێن. به درێژایی ماوه‌ی دانوستانه‌كان، كه‌شتییه ئه‌وروپییه‌كان، به‌رده‌وام بوون له گه‌مارۆدانی ڤه‌نزوێلا. رۆژی 13 شوباتی ساڵی 1903، هه‌مو لایه‌نه‌كان واژۆیان له‌سه‌ر لێكتێگه‌شتنی واشنتۆن كرد، به گوێره‌ی ئه‌و لێكتێگهشتنه، ڤه‌نزوێلا بڕی 30% داهاته گومركییهكانی بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ته‌رخان ده‌كات. دواتر رۆژی 19 شوباتی هه‌مان ساڵ، كه‌شتییه ئه‌وروپییه‌كان كۆتاییان به گه‌مارۆدانی ڤه‌نزوێلا هێنا و كشانه‌وه.
رووداوی گه‌مارۆدانی ڤه‌نزوێلا، نیگه‌رانی ئه‌مریكییه‌كانی لێكهوتهوه. به‌رپرسانی ئه‌مریكا ترسیان له‌وه بوو، ئه‌و رووداوه‌ی ڤه‌نزوێلا، له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌مریكا، دووباره ببێته‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه وڵاته‌كه راسته‌وخۆ له رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییه‌وه داگیر بكرێت و هێزه سه‌ربازییه‌كان تێیدا بمێننه‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ئیداره‌ی سه‌رۆك رۆزفێڵت، ده‌ستی كرد به داڕشتنی كۆمه‌ڵێك پلان، به ئامانجی زامنكردنی سه‌قامگیری ئابوری له وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌مریكا.
AM:11:09:14/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت