ریاڵ مه‌درید رۆیشتنی ئه‌لۆنسۆی راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز -
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه، 12ی كانوونی دووه‌می 2026، یانه‌ی ریال مه‌درید رایگه‌یاند راهێنه‌ری یانه‌كه خابی ئه‌لۆنسۆ، به ره‌زامه‌ندی هه‌ردوولا رۆشتووه.
یانه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت ئه‌لۆنسۆ لای سه‌رجه‌م هانده‌رانی ریال مه‌درید، به خۆشه‌ویست ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌كه له ئه‌فسانه‌كانی یانه‌كه و به درێژایی سه‌رده‌مه‌كان، نموونه‌ی به‌های یانه‌كه‌ی به‌رجه‌سته كردووه و ریاڵ مه‌درید هه‌میشه ماڵی ئه‌و ده‌بێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه ئاربیلوا راهێنه‌ری تیپی دووه‌م و به‌رگریكاری پێشووی یانه‌كه، ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی تیپی یه‌كه‌م ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
ئه‌م بڕیاره دوای ئه‌وه دێت تیپه شاهانه‌كه‌ی مه‌درید، نازناوی جامی سوپه‌ری ئیسپانی له‌ده‌ستدا، كاتێك له به‌رامبه‌ر نه‌یاره هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه، به ئه‌نجامی 3-2 دۆڕا.
رۆشتنی ئه‌لۆنسۆ له ریال، دوای نزیكه‌ی 7 مانگ دێت له وه‌رگرتنی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه. دوورخستنه‌وه ئه‌لۆنسۆ به‌هۆی زنجیره‌یه‌ك له شكستی به‌رده‌وام بوو له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانه‌تییه‌كاندا.
سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌لۆنسۆ وه‌ك راهێنه‌ری ریال، وا سه‌یر ده‌كرا كه ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی دوور مه‌ودایه. به‌ڵام رۆشتنی مانای وایه یانه‌كه چیتر سه‌بر و ئارامی نه‌ماوه.
سه‌رده‌می راهێنه‌رایه‌تی ئه‌لۆنسۆ بۆ ریال، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، راپۆرته‌كان باسیان له‌وه ده‌كرد ناكۆكی و به‌ریه‌ككه‌وتنی گه‌وره له نێوان راهێنه‌ر و یاریزانه گه‌وره‌كانی یانه‌كه‌دا روویداوه، له‌وانه ڤاڵڤێردی كاپت و هێرشبه‌ری یانه‌كه ڤینیسیۆس جونیۆر.
ریال مه‌درید له ژێر سایه‌ی ئه‌لۆنسۆ، تووشی كۆمه‌ڵێك شكستی قورس هات، له‌وانه شكسته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسی له پاڵه‌وانییه‌تی جامی جیهانی یانه‌كان، دۆڕاندنی به ئه‌تڵه‌تیكۆمه‌درید له خولی ئیسپانی، شكستی له به‌رامبه‌ر لێڤه‌رپوڵی ئینگلیزی له خولی پاڵه‌وانی ئه‌وروپا.
PM:10:24:12/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 508
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت