ئیلهام ئەحمەد: ئامانجمانە واشنتۆن، پاریس و ئەنقەرە لە دیمەشق ببنە نێوەندگیر و رێگە لە کۆمەڵکوژی بگرن
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیەنێت، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب هێڵێکی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتۆن، پاریس و ئەنقەرە کردووەتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئامانجیشیان ئەوەیە ئەو وڵاتانە ببنە نێوەندگیر لەگەڵ دیمەشق بۆ رێگریکردن لە هەر کۆمەڵکوژییەک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی کانونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتۆن، پاریس و ئەنقەرە لەسەر پێشهاتەکانی حەلەب بەردەوامە، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو وڵاتانە وەک نێوەندگیر لەنێوان ئێمە و دیمەشق کاربکەن".
ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانجمان بەکارهێنانی زمانی ژیری و لۆژیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بێ ئەوەی دۆخەکە بگاتە ئاستی سەربازی یان کۆمەڵکوژی دژی سڤیلەکان."
ئیلهام ئەحمەد وتی، "چەندین گرووپ کە پێشتر لە لازقییە و سوەیدا کۆمەڵکوژییان کردووە، ئێستا لە نزیک ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود جێگیرکراون، نازانم حکومەتی سوریا چ سوودێک لەم هاندانی پێشێلکارییانە دەبینێت".
وتیشی، "لە سەردەمی رژێمی پێشووشدا گەمارۆ و هێرش هەبووە و دوای گۆڕانکارییەکانیش هەر بەردەوامە".
جەختیشی کردەوە، "دەستوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان کە بەرژەوەندییان لە سوریادا هەیە، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەکردنی کێشەکان".
PM:05:58:08/01/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت