هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: ئەمڕۆ 7 درۆن تێکشکێندراون و دەیان چەکداری سەر بە حکومەتی سوریا کوژراون
وێستگەنیوز-
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاماری شەڕی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئەنجامی شەڕی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-1-2026ی، بڵاوکردوە و کە تیادا هاتوو، "ئەمڕۆ 1 تانک، 5 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 7 درۆن تێکشکێندراون و دەیان چەکداری سەر بە حکومەتی سوریا کوژراون".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئێمە حکومەتی دیمەشق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بەو حکومەتە بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشە دڕندانەیە و لێکەوتەکانی دەزانین، هەروەها جەخت لەسەر مافی رەوای خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرگریکردن لە گەلی خۆمان و گەڕەکەکانمان بە هەموو ئامرازێکی رەوا".
دەقی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب:
تێکشکاندنی تانکێک و چەند ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی سەر بە گرووپەکانی دیمەشق
هێزەکانمان، لە بەرخۆدانێکی قارەمانانە و یەکلاکەرەوەدا، توانییان هێرشێکی بەرفراوانی گرووپەکانی حکومەتی دیمەشق و چەکدارەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب تێکبشکێنن. لەو رووبەڕووبوونەوانەدا زیانی گیانی و مادی زۆر بە هێرشبەران گەیشت و ئەو پلانە سەربازییە پووچەڵکرایەوە کە ئامانجی بوو بە زەبری هێز هەڵبکوتێتە سەر گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون.
ئەم بەیانییە، دوای سێ رۆژی بەردەوام لە بۆردوومانی چڕ بە تانک، مووشەکی گراد و جۆرەها چەکی قورس، ئەو گرووپانە دەستدرێژییەکانیان چڕتر کردەوە لە رێگەی بۆردوومانێکی دڕندانە و هەمەلایەنە بۆ سەر سەرجەم ناوچەکانی ئەو دوو گەڕەکە و دەوروبەریان، بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەپاندنی کۆچی زۆرەملێ بەسەریاندا.
لە دوای ئەو بۆردوومانانە، گرووپە هێرشبەرەکان هەوڵی پێشڕەویی زەمینییان دا بە زیاتر لە 60 تانک و زرێپۆش، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەزاران چەکدار، کە بە درۆن و بۆمباران پشتیوانیی لە پێشڕەوییان دەکرا.
بەڵام ئەم هێرشە بەرەوڕووی بەرگرییەکی قارەمانانە و رێکخراوی هێزەکانمان بووەوە، بە تایبەت لە ئەشرەفییە، کاستێلۆ و جەبانات؛ لەوێدا هێرشبەران تێکشکان و ناچار بە کشانەوە کران. لە ئەنجامی شەڕەکەدا تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنران، حەوت درۆنی خۆکوژ خرانە خوارەوە و دەیان چەکداریشیان کوژران، ئەمەش وای لێ کردن رابکەن و سەنگەرەکانیان لە بەرەکانی جەنگ چۆڵ بکەن و دووبارە پەنا بەرنە بەر بۆردوومانی دڕندانە.
ئەم هەڵوێستە قارەمانانەیە، ئامادەیی هێزەکانمان و پێداگرییان لەسەر پاراستنی مەدەنییەکان و بەرگریکردن لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون لە دژی دەستدرێژییەکی دڕندانە دەیسەلمێنێت، کە هیچ پاساوێکی سەربازی یان یاسایی نییە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە حکومەتی دیمەشق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بەو حکومەتە بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشە دڕندانەیە و لێکەوتەکانی دەزانین، هەروەها جەخت لەسەر مافی رەوای خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرگریکردن لە گەلی خۆمان و گەڕەکەکانمان بە هەموو ئامرازێکی رەوا.
PM:04:58:08/01/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت