شەڕەکەی حەلەب لەسەر چی دروستبوو؟


وێستگه‌نیوز –

هەسەدە هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا تۆمەتبار دەكات بەوەی پێشێلی رێكەوتنەكەی نێوانیانی كردووە بە بۆردومان كردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە حەلەب، وەزارەتی بەرگری سوریاش هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەستپێشخەربووە لە بۆردومان كردنی پێگەكانی هێزەكانی حكومەت.

بەپێی راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕەكەی حەلەب لە نێوان هەسەدە و هێزەكانی حكومەتی سوریا تۆمەتباركردنی یەكترییە بە پێشێلكردنی ئەو رێكەوتنەی لە نێوانیان كراوە بۆ راگرتنی شەڕ لە نێوانیان.

هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا هێزەكانی حكومەتی سوریای تۆمەتبار كرد بەوەی دەستپێشخەر بووە لە بۆردومانكردنی ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فیه‌ كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی چوار هاوڵاتی كە یەكێكیان منداڵە، 35 كەسی تریش بریندارن و زەرەروزیانێكی زۆریشی بە تۆڕەكانی كارەبا و ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان گەیاندووە.

وەزارەتی بەرگری سوریاش هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) تۆماتبار دەكات بەوەی دەستپێشخەریان كردووە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیان لە حەلەب بۆردومان كردووە و بووەتە هۆی كوژرانی 4 كەس كە منداڵێك و ئەفسەرێكی سوپایشی تیایە، لەگەڵ برینداربوونی 15 كەسی تر.

بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە 10 ئازار ئیمزا كراوە، دیمەشق و هەسەدە پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بە ئاگربەستی تەواوەتی لە سوریا و تێكەڵكردنی دامودەزگا سەربازی و مەدەنییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا.


AM:10:43:07/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت