ترەمپ بۆ ئێران: ئێمە پڕچەکین و ئامادەی جووڵەین


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی هەڕەشە ئاڕاستەی ئێران دەکات و هۆشداری پێدەدات کە تووندتیژ نەبن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.


ئەمڕۆ هەینی 2ی کانونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال رایگەیاند، "ئەگەر ئێران تەقە بکات و بە تووندوتیژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دێت".

لە پەیامەکەیدا ترەمپ دەڵێت، "ئێمە ئامادە و پڕچەکین و ئامادەی جووڵەین".

لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای تمەن لە تاران دەستیپێکرد، هەروەها رۆژی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەستیپێکرد.

حکومەتی ئێرانیش بەڵێنی داوە، ناڕەزاییەکە بە فەرمی دەناسێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات، هەروەها مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "ئێمە خۆمان بە فەرمانبەری گەلی ئێران دەزانین و هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت".


PM:12:00:02/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت