هه‌سه‌ده: گرووپه چه‌كداره‌كانی دیمه‌شق به چه‌كی قورس ئه‌شره‌فیه و شێخ مه‌قسود بۆردوومان ده‌كه‌ن
وێستگه‌نیوز –
له شاری حه‌له‌ب شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی سوریا روویدا، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" ده‌ڵێت، گرووپه‌كانی دیمه‌شق به چه‌كی قورس گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان بۆردوومان ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگریی حكومه‌تی دیمه‌شق، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر بازگه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له گۆڕه‌پانی "دواری شه‌یحان" له حه‌له‌ب و به‌هۆیه‌وه دوو ئه‌ندامی ئاسایش بریندار بوون.
هه‌سه‌ده حكومه‌تی سوریا به به‌رپرسیار ده‌زانێت و باس له‌وه ده‌كات كه "ئه‌م هێرشه به‌رده‌وامیی روونی په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كانه كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی شاره‌كه ده‌كات و ده‌ریده‌خات حكومه‌تی دیمه‌شق ده‌سته‌وه‌ستانه له كۆنترۆڵكردنی گرووپه‌كانی خۆی".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هه‌سه‌ده‌دا هاتووه كه "دوای رووداوه‌كه ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه به چه‌كی قورس و مامناوه‌ند هێرشی تووندیان كردووه‌ته سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی شێخ مه‌قسوود و ئه‌شره‌فییه و به‌هۆیه‌وه پێنج هاوڵاتی مه‌ده‌نی برینداربوون كه یه‌كێكیان منداڵه".
راشیگه‌یاند كه دانیشتوانی ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه و هێزه ئه‌منییه‌كانی ناوخۆ به‌رده‌وامن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشه، هه‌موو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستنی خۆیان و گیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌گرنه‌به‌ر.
PM:08:10:22/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 388
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت