وەزیری دەرەوەی تورکیا: پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا پێویستە تەواو بکرێت
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا پێویستە تەواو بکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە رێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی کانونی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "پێویستە رێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێ بکرێت، هەروەها پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا پێویستە تەواو بکرێت، چونکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی یەکێتیی خاکی سوریا، نابێت دەستی دەستی بە پرۆسەکە بکرێت بەو هیوایەی دۆخێکی هەرێمی بێتە ئاراوە و پرۆسەکە هەڵوەشێننەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارین پرۆسەکە لەڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و رێگەی ئاشتیانە بەرەوپێش بچێت و نامانەوێت جارێکی دیکە پێویستی پەنابردنە بەر ئامرازە سەربازییەکان ببینین، بەڵام پێویستە هەسەدە لەوە تێبگات کە سەبر و ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواو دەبێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، "هاوبەشە ئەمەریکییەکانمان ئاگادارن ئەم پرۆسەیە پێویستی بە تەواوکردن هەیە و ئەمە بۆ یەکگرتوویی سوریا زۆر گرنگە، وەک دەزانن هەموو گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا جگە لە هێزەکانی هەسەدە ئێستا کەوتووەنەتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری، چونکە هێزەکانی هەسەدە بەشێک نەبوون لە پێکهاتە کۆنەکەی ئۆپۆزسیۆن".
لە 10ی ئاداری 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا یەکبخرێن.
PM:10:39:18/12/2025
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت