ترەمپ هەوڵی ناچاركردنی گەشتیاران دەدات پێش هاتنیان بۆ ئەمریکا هەژماری سۆشیال میدیای خۆیان ئاشکرا بکەن
وێستگهنیوز –
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەوڵدەدات رێسای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئەو گەشتیارە بیانیانەی کە لە ڤیزە بەخشراون، پێش ئەوەی بێنە ناو ئەمەریکا و تۆمارەکانی پێنج ساڵی رابردوویان لە سۆشیال میدیا ئاشکرا بکەن، جگە لە زانیاری کەسی و ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی ئیمەیڵ و زانیاری بایۆمەتری.
ئاژانسی فەڕەنسا بڵاویكردووەتەوە، ئەم پێشنیارە کە لە تۆماری فیدراڵیدا بڵاوکراوەتەوە، سەردانکەرانی 42 وڵات دەگرێتەوە، لەوانە بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و ژاپۆن، کە پێویستیان بە ڤیزە نییە بۆ چوونە ناو خاکی ئەمریکا.
بەپێی یاسا نوێیە پێشنیار کراوەکان، کۆکردنەوەی زانیاری لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا وەک ناچاری "ئیجباری" لە داواکارییەکانی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ مۆڵەتی گەشتکردندا جێگیر دەکرێت.
بەپێی ئاگادارییەکە، پێویستە ئەو گەشتیارانە تۆماری سۆشیال میدیای پێنج ساڵی رابردووی خۆیان ئاشکرا بکەن.
پێشنیارەکە داواشیان لێدەکات، کە داتای "گرنگ"ی زیادە پێشکەش بکەن، لەوانە ژمارەی تەلەفۆنەکانیان بۆ پێنج ساڵی رابردوو، ناونیشانی ئیمەیڵەکانیان بۆ دە ساڵی رابردوو، هەروەها زانیاری کەسی سەبارەت بە ئەندامانی خێزانەکەیان و زانیاری بایۆمەتری.
ئاژانسی فەڕەنسا ئاشكرای كردووە، جەماوەر 60 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ دەربڕینی بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم پێشنیارە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوامە لە توندکردنەوەی سنوورەکانی بۆ چوونە ناو ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بەرنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی.
PM:01:41:11/12/2025
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت