ئه‌مریكا، ئێران به هه‌وڵی تیرۆركردنی باڵیۆزی ئیسرائیل له مه‌كسیك تۆمه‌تبار ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئێرانی به هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی ئینات كرانز-نیجه‌ر باڵیۆزی ئیسرائیل له مه‌كسیك، تۆمه‌تبار كرد، ئه‌مه‌شی به دوایین هه‌وڵی تاران بۆ گواستنه‌وه‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بۆ به‌شێكی دیكه‌ی جیهان دانا.
به‌رپرسێكی ئه‌مریكی كه داوای كردووه ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له ئێستادا پیلانه‌كه پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه و هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه.
له به‌رامبه‌ردا كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی كه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له ئۆپه‌راسیۆنێكدا كه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه ناوخۆییه‌كانه‌وه پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه، هه‌وڵی تیرۆركردنی باڵیۆزی ئیسرائیلی له مه‌كسیك داوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تۆمه‌تباری هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه ناوی حه‌سه‌ن ئیزادی-یه.
هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌رپرسانی ئه‌مریكی و ئیسرائیل ئاشكرایان كرد كه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی مه‌كسیك پیلانی تیرۆركردنه‌كه‌یان پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه و به‌رپرسێكی ئه‌مریكیش ڕوونی كرده‌وه كه فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2024 ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنه‌كه كردووه، به‌رله‌وه‌ی ئه‌مساڵ پووچه‌ڵ بكرێته‌وه.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی "ئه‌كسیۆس"، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی یه‌كه‌ی 11000 له سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی كراوه، كه پێشتر ساڵانێك له باڵیۆزخانه‌ی ئێران له ڤه‌نزوێلا كاری كردووه، له‌وێدا بریكاری ئێرانی له وڵاتانی جۆربه‌جۆری ئه‌مریكای لاتین رێكخستووه.
به‌رپرسێكی ئه‌مریكی كه ناوی ئاشكرا نه‌كراوه، به ئاژانسی فرانس پرێسی وتووه: "پلانه‌كه كۆنتڕۆڵ كراوه و ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه".
ئوری مماڕۆشتاین وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له‌وباره‌وه رایگه‌یاندووه كه "خزمه‌تگوزاری هه‌واڵگری و ئه‌منی ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بن له كاركردنی ماندوونه‌ناسانه، به هاوكاری ته‌واو له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هه‌واڵگرییه‌كانی جیهان، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كانی ئێران و بریكاره‌كانی له دژی ئامانجه ئیسرائیلییه‌كان و جووله‌كه‌كان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا".
وا گریمانه ده‌كرێت كه پلانه‌كه دوای ئه‌وه ده‌ستی پێكردبێت كه ئیسرائیل له 1ی نیسانی 2024 هێرشی كرده سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق كه هاوپه‌یمانی نزیكی تاران بوو له‌و كاته‌دا و له ئه‌نجامدا ئه‌فسه‌رانی پله باڵای سوپای پاسداران كوژران. دواتر ئێران به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دا.
PM:08:58:07/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 148
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت