لە هێرشێکدا لەناو شەمەندەفەرێكی بەریتانیا 10 كەس برینداركران و نۆ كەسیان بارودۆخیان خراپە
وێستگەنیوز-
لە رووداوێكدا لەناو شەمەندەفەرێكدا كە بەرەو لەندەن دەڕۆیشت، 10 كەس بە چەقۆ برینداركران و نۆ كەسیان بارۆدۆخیان خراپە، پۆلیسیش رایگەیاند، كە دوو كەسی دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان بە رووداوەكەوە هەیە.
پۆلیسی گواستنەوەی بەریتانیا، لە پێگەی ئێكس بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لەناو شەمەندەفەرێك لە كامبریدجشیر بەرچەقۆ دران، 10 كەس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و نۆ كەسیان پێدەچێت مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت.
ئاماژەشی كردووە، شەمەندەفەرەكە لە دۆنكاسترەوە لە باكووری رۆژهەڵاتی بەریتانیاوە دەڕۆشت بەرەوە وێستگەی كینگز كروس لە لەندەن، كە هێڵێكی زۆر قەرەباڵغە و زۆربەی كات شەمەندەفەرەكانی پڕ دەبن لە گەشتیار.
دوای ئەوەی زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدرا سەبارەت بە هێرشەكە و شەمەندەفەرەكە راگیرا، ئۆتۆمبێلی پۆلیس و ئەمبولانس بە پەلە گەیشتنە وێستگەكە و شابانا مەحمودی وەزیری ناوخۆی بەریتانیاش، دەستگیركردنی دوو كەسی راگەیاند، كە پەیوەندیان بە رووداوەكەوە هەیە.
شایەتحاڵێك بە رۆژنامەی تایمزی وتووە، پیاوێكی بینیوە چەقۆیەكی گەورەی بەدەستەوە بووە و خوێنیش بە هەموو شوێنێكەوە دیاربووە، لەكاتێكدا خەڵك رایكردووە خۆیان لە دەستشۆرەكان بشارنەوە.
خزمەتگوزاری ئەمبولانس لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا رایگەیاندووە، ئۆتۆمبێل و فڕۆكە و پیاوانی فریاكەوتنی ناردووە بۆ شوێنی رووداوەكە، لەكاتێكدا كۆمپانیای ساوس وسترن رایلویز كە ئیشپێكەری شەمەندەفەرەكەیە، هەموو ئەو هێڵانەی داخستووە كە خۆی لە رۆژهەڵاتی بەریتانیا و ئسكۆتلەندا بەڕێوەیان دەبات و داوای لە سەرنشینەكان كردووە هاتووچۆ نەكەن.
بەپێی داتا فەرمییەكانی حكومەت، تاوانی كوشتن بە چەقۆ لە بەریتانیا و ویڵز لە ساڵی 2011وە بەرزبووەنەوەیەكی بەرچاوی بەخووە بینیوە، هەروەها كیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بڵاوبوونەوەی تاوانی چەقۆ وەشاندنی بە قەیرانێكی نیشتیمانی وەسفكرد و حكومەتەكەی هەوڵیداوە سنوورێكی بۆ دابنێت.
پێشتر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی ئەو تاوانانەی لە رێگای چەقو و ئامێری تیژەوە ئەنجام دەدرێن، دەستیان بەسەر نزیكەی 60 هەزار ئامێری تیژدا گرتووە لە ئینگلتەرا و ویلز.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، لە رووداوێكی چەقۆ وەشاندندا لە كڵێسایەكی جووەكان لە مانشستەر، دوو كەس كوژران و چەند كەسێكی تریش برینداركران.
AM:09:23:02/11/2025
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت