سەرپەرشتیاری ژوورە خوێیەکان و جەللادە بەناوبانگەکەی سیدنایا دەستگیرکرا
وێستگەنیوز_
لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوودا هەبووە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی لیوا ئەکرەم سەلوم عەبدوڵڵای ڕاگەیاند. ناوبراو تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی توند لە زیندانی سیدنایا، بەتایبەتی سەرپەرشتیکردنی "ژوورە خوێیەکان".
دوێنێ چوارشەممە 22ـی 10ـی 2025 وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لقی دژەتیرۆری پارێزگای دیمەشق، لیوا ئەکرەم سەللوم عەبدوڵڵای دەستگیرکردووە کە ناوبراو چەندین پۆستی هەبووە و دیارترینیان فەرماندەی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015دا بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێشێلکاریی جیدی دژی دەستبەسەرکراوان لە زیندانی سیدنایا تێوەگلاوە و راستەوخۆ بەرپرس بووە لە جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی زیندانییان لەنێو زیندانی سەربازیی سیدنایادا. ناوبراو بەرزترین پلە و کەسایەتییە کە تا ئێستا سەبارەت بەو کەیسە دەستگیرکراوە و بەرپرسە لە گیان لەدەستدانی زۆرترین زیندانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا.
یەکێک لە نەهامەتییەکانی سووریا، بوونی زیندانی سیدنایا بوو کە دەکەوێتە دەرەوەی دیمەشق، یەکێک بوو لە تاریکترین توخمەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، کە دوای زیاتر لە پێنج دەیە لە کانوونی دووەمی رابردوودا بە هێرشێکی ئیسلامییەکان کۆتایی هات.
لای خۆیەوە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) زیندانەکەی بە "قەسابخانەی مرۆڤ" وەسف کردووە. هەروەها کۆمەڵەی دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنکراوانی زیندانی سیدنایا مەزەندەی دەکات کە لە ساڵی 2011 بەدواوە، 30 هەزار کەس لەو زیندانەدا دەستبەسەرکراون، لە کاتێکدا تەنیا نزیکەی 6 هەزار کەسیان ئازادکراون. ئەوانی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە رایگەیاندووە، زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زیندانەکانی سووریادا گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا بەهۆی لەسێدارەدان و لەژێر ئەشکەنجەدا.
لە زیندانی سیدنایا، چەندین سزای تۆقێنەر و بێ بەزەییانە بوونی هەبووە، لەوانە سووتاندن، کوشتن بە بلۆک، بریندارە قورسەکان دەخرانە نێو ژوری خوێیوە وەک ئەشکەنجەیەک، ژوری تاکە کەسی بە رووبەری یەک مەتر درێژ، مەترێک پان و مەترێک بەرز، ئامێری پان کردنەوە و لەتکردنی مرۆڤ، لێدان بە کارەبا، لوت و گوێ بڕین، بەردانەوە لە بەرزی زۆرەوە و دەستدرێژی سێکسی و دەیان جۆری دیکەی ئەشکەنجە.
AM:08:39:23/10/2025
ئهم بابهته 1224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت