پاش رووداوی دزیی گەورە؛ مۆزەخانەی لۆڤەر بەڕووی سەردانکەراندا کرایەوە


وێستگەنیوز_

دوای سێ ڕۆژ لە داخستنی بەهۆی ڕووداوێکی دزیی گەورەوە، ئەمڕۆ مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، دەرگاکانی بەڕووی سەردانکەراندا کردەوە و هێشتاش گەڕان بەدوای چوار دزە دەمامکدارەکە و ئەو هەشت پارچە خشڵە بەنرخەدا بەردەوامە، کە بەهایان بە نزیکەی 88 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.

هەرچەندە مۆزەخانەکە کراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، "گەلەریی ئەپۆلۆ" کە دزییەکەی تێدا ئەنجامدراوە، هێشتا بە داخراوی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن و سەدان لێکۆڵەری تایبەتمەند سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەبارەی دزەکان و خشڵەکانەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی داواکاری گشتیی پاریس، دزییەکە لەلایەن چوار کەسی دەمامکدارەوە ئەنجامدراوە و وردەکاریی ڕووداوەکە بەم شێوەیە بووە: دزەکان لە ڕێگەی بەرزکەرەوەیەکەوە خۆیان گەیاندووەتە گەلەریی ئەپۆلۆ، سکۆتەری خێرا و مۆتۆڕسکیلیان بەکارهێناوە بۆ هەڵهاتن و تەواوی پڕۆسەکەیان لە ماوەی تەنها حەوت خولەکدا تەواو کردووە. دەشڵێت: لە کاتی هەڵهاتندا، نۆیەمین پارچە کە تاجێکی ئەڵماس بووە، لێیان کەوتووە.

ئەو هەشت پارچە خشڵەی کە دزراون، بەشێکیان دیاریی ناپلیۆن پۆناپارت بوون بۆ ژن و کچەکەی و پێکدێن لە: تاج، ملوانکە و تاکە گوارەیەک لە زێڕ و یاقوتی شین، ملوانکەیەک و جووتێک گوارە کە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر ماری لویس لە ساڵی 1810 دەگەڕێتەوە، تاج و گوڵەیەخەیەکی گەورە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر یۆجینی لە ساڵی 1853، گوڵەیەخەیەکی ناسراو بە "گوڵەیەخەی پیرۆز" کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1855.


PM:02:44:22/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت