وەزیری دەرەوەی سوریا: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کورد نییە


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی سوریا رایدەگەیەنێت، دەیانەوێت پرسی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رێککەوتن چارەسەر بکەن، ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا کورد دەتوانن پۆستی باڵا وەربگرن.


ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی باسی لە رێککەوتنی 10ی ئادار لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کرد و رایگەیاند، "دەمانەوێت پرسی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رێککەوتن چارەسەر بکەین، کاتی ئەوە هاتووە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بخرێنە نێو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و شەوی رابردووش نوێنەرانی هەسەدە لەگەڵ پارێزگارەکانی حومس، حەلەب و دیمەشق کۆبوونەتەوە بۆ ئاشنابوون بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروباری پارێزگاکان".

ئەسعەد شەیبانی وتی، "هەموو شتێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام فیدراڵی و دابەشبوون جێگەی گفتوگۆ نییە، هەروەها ئێستا کورد دەتوانن پۆستی باڵا وەربگرن".

وتیشی، "هەسەدە رەخنەی لە راگەیاندنی دەستووری هەیە، شەرع بە هەسەدە وتوە، هەموو شتێک چارەسەر دەکرێت".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، شەرع دەیەوێت "باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە ببنە بەشێک لە سوریای داهاتوو".

وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەشدا، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کورد نییە، کورد لە سوریای پێشوودا قوربانی بوون و ئازاریان چەشتووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 200 هەزار کورد بێناسنامەن و حکومەتی ئێستا دەتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات".

راشیگەیاند، "هەسەدە سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژی نەورۆز وەک رۆژی دایک نیگەران بووە، بەڵام ئەحمەد شەرع پێی وتوون، ئەگەر ئێوە لەگەڵمان بوونایە و پێشنیازتان بکردایە، بێگومان ئەمە دەگۆڕدرا".


PM:10:12:18/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو