راكردنه گه‌وره‌كه له دیمه‌شق.. ئه‌و شه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د رووخا
وێستگه‌نیوز-
دوای نیوه‌شه‌وی 8ی كانوونی یه‌كه‌می 2024، ده‌یان كه‌س له تاریكی‌دا له ده‌ره‌وه‌ی به‌شی سه‌ربازی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دیمه‌شق كۆبوونه‌وه و سواری فڕۆكه‌یه‌كی بچووكی هێڵی ئاسمانی سوریا بوون.
به‌پێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، كاتژمێرێك له‌مه‌وبه‌ر نوخبه‌ی ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ی یه‌كێك له دڕنده‌ترین رژێمه‌كانی جیهان بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كه‌وتنی له‌ناكاوی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی پێشووی سوریا و هه‌ڵهاتنی، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا هه‌ڵهاتن و به‌دوای سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕان له كاتێكدا پشێوی پایته‌ختی ته‌نی بوو.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، قه‌حتان خه‌لیل له نێو سه‌رنشینه‌كاندا بوو، به‌رپرسی هه‌واڵگری هێزی ئاسمانی سوریا، كه تۆمه‌تباره به یه‌كێك له خوێناوی‌ترین كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ، كه بۆ ماوه‌ی 13 ساڵ درێژه‌ی خایاند، هه‌روه‌ها گه‌شته‌كه عه‌لی عه‌باس و عه‌لی ئه‌یوب، هه‌ردوو وه‌زیری به‌رگری پێشووی سوریای له‌خۆگرتبوو، كه كه‌وتوونه‌ته ژێر سزای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم، سه‌رۆكی ئه‌ركانی پێشووی سوپای سوریاشی له‌خۆگرتبوو، كه تۆمه‌تباره به تێوه‌گلان له ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵكی سڤیل.
ورده‌كارییه‌كانی بوونی ئه‌و كه‌سانه و به‌رپرسانی باڵای دیكه‌ی رێژیمی سوریا له‌و گه‌شته‌دا، له‌لایه‌ن سه‌رنشینێك و به‌رپرسانی پێشووی ئاگادار له رووداوه‌كه بۆ رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه پشتڕاستكرایه‌وه.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌شی كرد، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن له هێرشه‌كه‌یاندا بۆ سه‌ر پایته‌خت، شوێنكه‌وتوانی ئه‌سه‌د شوێن پێی ئه‌سه‌دیان هه‌ڵگرت و له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا بڕبڕه‌ی پشتی ده‌زگای سه‌ركوتی سوریا داڕما و هه‌ندێك له به‌رپرسان به فڕۆكه هه‌ڵهاتن، هه‌ندێكی تر په‌نایان برده كه‌نار ده‌ریا، یان باڵیۆزخانه‌ی رووسیا، هه‌ندێكی دیكه‌شیان هه‌وڵیان دا له ناوه‌ڕاستی بازگه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه گه‌شت بكه‌ن.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز باسی له‌وه‌شكردووه، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی دواتردا تیمه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له رۆژنامه‌نووسان و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، كاریان كرد بۆ به‌دواداچوون بۆ 55 به‌رپرسی باڵای پێشووی ڕژیمی سوریا و له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆریان به‌كارهێناوه، له به‌دواداچوونی ئه‌كاونته دیجیتاڵییه‌كانه‌وه تا سه‌ردانی ڤێلا جێهێڵراوه‌كان و به‌ڵگه‌نامه‌كردنی جوڵه داراییه‌كانیان.
ئاشكراشی كرد، له كاتێكدا به‌شار ئه‌سه‌د و ماهری برای له مۆسكۆ نیشته‌جێن و ژیانێكی های لایڤ له مه‌نفا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ندێك ئه‌فسه‌ری دیكه له لوبنانه‌وه به‌رده‌وامن له پلاندانان بۆ كرده‌وه‌ی تێكده‌رانه، هه‌ندێكی تریشیان رێكه‌وتنیان ئه‌نجامداوه، كه رێگه‌یان پێده‌دا له سوریا بمێننه‌وه، له به‌رامبه‌ر چه‌ند گه‌ره‌نتییه‌كی دیاری كراودا.
به‌پێی رۆژنامه‌كه، دوای ده مانگ له رووخانی رژێم، سوریا رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌رفراوان بووه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له راوودوونانی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسیارن له تاوانه گه‌وره‌كان، داواكارانی گشتی له ئه‌وروپا و ئه‌مریكاش خه‌ریكی دروستكردنی دۆسیه‌ی یاسایین، له كاتێكدا رێكخراوه‌كانی سوریا به‌رده‌وامن له به‌ڵگه‌نامه‌كردنی پێشێلكارییه‌كان.
راپۆرته‌كه نووسیوێتی، ئه‌سه‌د له‌ئێستادا له مۆسكۆ ده‌ژی و زۆر به‌چڕی پاسه‌وانی ده‌كرێت و له‌وێ په‌یوه‌ندییه‌كی سنوورداری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه كۆنه‌كانیدا هه‌یه، له‌به‌رامبه‌ردا شرۆڤه‌كاران پێیان وایه روسیا زیاتر وه‌ك كارتێكی دانوستان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ده‌كات تا هاوپه‌یمانێكی هه‌میشه‌یی، له‌كاتێكدا ماهیری برای به‌رده‌وامه له ژیانێكی های لایڤ و له نێوان مۆسكۆ و دوبه‌ی هاتووچۆ ده‌كات.
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، سه‌ره‌ڕای له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ته‌ماحه سیاسییه‌كانی ئه‌سه‌د وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و پلان داده‌نێت بۆ په‌یوه‌ندیكردن به هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی سوریاوه، به‌و هیوایه‌ی له داهاتوودا بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر شانۆكه.
AM:10:40:17/10/2025
ئه‌م بابه‌ته 508
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت