تره‌مپ: قۆناغی دووه‌می ئاگربه‌ستی غه‌ززه ده‌ست پێده‌كات
وێستگه‌نیوز-
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه ئه‌و 20 بارمته ئیسرائیلیه‌ی كه له چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی غه‌ززه ئازاد كراون، "گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌وه و سه‌لامه‌تن"، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "هێشتا ئه‌ركه‌كه كۆتایی نه‌هاتووه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه تره‌مپ له پلاتفۆرمه‌كه‌ی (تروس سۆشیال) نووسیویه‌تی: "هه‌ر 20 بارمته‌كه سه‌لامه‌ت و ته‌ندروستن، بارگرانییه‌كی گه‌وره لابرا، به‌ڵام ئه‌ركه‌كه كۆتایی نه‌هاتووه".
تره‌مپ ده‌ڵێت: "ته‌رمی بارمته مردووه‌كان وه‌ك به‌ڵێنیان پێدراوه نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه! قۆناغی دووه‌م له ئێستاوه ده‌ستپێده‌كات".
ئه‌م لێدوانه‌ی تره‌مپ دوای راگه‌یاندنی ته‌واوبوونی قۆناغی یه‌كه‌می ڕێككه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس هات كه بریتی بوو له ئازادكردنی بارمته‌كان له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی سه‌دان زیندانی فه‌له‌ستینی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ چوونه ناوه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی زیاتر بۆ ناو كه‌رتی غه‌ززه.
بڕیاره له قۆناغی دووه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌دا ته‌ركیز بخرێته سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی بارمته كوژراوه‌كان و به‌رده‌وامی هاتنه ناوه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان بۆ غه‌ززه، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ل فشاره‌كانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هه‌ردوولا بۆ پابه‌ندبوون به مه‌رجه‌كانی ئاگربه‌سته‌كه.
كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆ به‌رپرسێك بۆ ئاژانسی رۆیته‌رز ئاشكرای كرد كه حه‌ماس نێوه‌ندگیرانی ئاگادار كردۆته‌وه كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ست به گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی چوار بارمته‌ی كوژراو بۆ ئیسرائیل ده‌كات.
ئه‌و به‌رپرسه كه به‌شداره له پرۆسه‌ی ڕاده‌ستكردنی ته‌رمی بارمته ئیسرائیلییه‌كان ڕایگه‌یاندووه، پرۆسه‌كه له كاتژمێر 10ی شه‌و به كاتی ناوخۆ (19 به كاتی گرینویچ) ده‌ستپێده‌كات.
هاوكات رۆژنامه‌ی ئۆرشه‌لیم پۆست له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیلییه‌وه ڕایگه‌یاندووه كه "نێوه‌ندگیران ئیسرائیلیان ئاگادار كرده‌وه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مشه‌و ته‌رمی چه‌ند بارمته‌یه‌ك بۆ ئیسرائیل بگوازرێته‌وه".
PM:09:48:14/10/2025
ئه‌م بابه‌ته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت