بارودۆخی غەززە دوای دوو ساڵ لە جەنگ


وێستگەنیوز_

هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بووەتە هۆی كوژرانی دەیان هەزار فەلەستینی و بەشێکی بەرفراوانی كەرتەكەشی وێران کردووە.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە، زیاتر لە 67 هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون، کە نزیکەی یەک لەسەر سێیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.

لیژنەیەكی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی ڕابردوو گەیشتە ئەو ئەنجامەی، کە ئیسرائیل كۆمەڵكوژی لە غەززە ئەنجامداوە و پشتی بە قەبارەی کوشتنەکان بەستووە، وەک بەڵگەیەک بۆ دەرئەنجامەكەی.

شیکارییەکی ناوەندی مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داتاکان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەمموز دەریدەخات، کە نزیکەی 193 هەزار بینا لە غەززە وێران بوون، یان زیانیان پێگەیشتووە.

ناوەندەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا، 95%ی قوتابخانەکانی کەرتی غەززە بەشێوەیەک لە شێوەكان زیانیان بەرکەوتووە و نزیکەی 213 نەخۆشخانە و 1029 قوتابخانە کراونەتە ئامانج.

بەپێی ئاماری نووسینگەی راگەیاندنی حکومی سەر بە حەماس لە غەززە، رێژەی وێرانکاری لە کەرتی غەززە، گەیشتووەتە نزیکەی 90% و سوپای ئیسرائیلیش لە رێگەی داگیركاری و راگواستن و بۆردومانی بەردەوامەوە، نزیکەی 80%ی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردووە.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆی 36 نەخۆشخانەی غەززە، تەنیا 14 نەخۆشخانەیان بە شێوەیەكی ناتەواوی کاردەکەن و نەخۆشخانەکانی باشووری غەززەش فریای ئەو بارودۆخە قورسە ناكەون.

كۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانییەکی زۆری لە ئاستی وێرانکاری لە شاری غەززە دەربڕی، کە ناوەندی سەرەکی شارەکانی کەرتەكەیە  و رایگەیاند، هەر گواستنەوەیەکی بە ئەنقەستی دانیشتووان بەگوێرەی پاکتاوی نەتەوەییە.


PM:01:56:11/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت