سوپای پاسداران: هەواڵی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوورە لە راستییەوە


وێستگەنیوز_

میدیاکانی ئێران ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە 'تیرۆرکردنی' ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەکەن. دەشڵێت، ئەو هەواڵانە لەلایەن چەند هەژمارێکی سۆشیال میدیای سەر بە ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە.

دوای ئەوەی شەوی هەینی 10ـی 10ـی 2025، دەنگۆی کوژرانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە کۆمەڵێک ماڵپەڕی ئیسرائیلی بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک هەژماری سەر بە ئیسرائیل بڵاوبوونەتەوە "درۆن" و هیچ بنەمایەکیان نییە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ''ئامانج لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی تیرۆرکردنی ئیسماعیل قائانی، جەنگی دەروونییە، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە پڕۆژەکانی مۆساد بدەن.''
 
یەکەم جار هەواڵی تیرۆرکردنەکە لە ماڵپەڕێک بەناوی ''تیرۆر ئەلارم'' بڵاوکرایەوە، کە بەگشتی هەواڵی کوژرانی سەرکردەکانی ''بەرەی موقاوەمە'' و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بڵاودەکاتەوە.
 
ئاژانسی تەسنیم باسی لەوەشکردووە، ئیسماعیل قائانی هەفتەی رابردوو لەبارەی زۆریی دەنگۆکان بۆ تیرۆرکردنی رایگەیاندووە: ''هەواڵی تیرۆری من بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی هاوڕێیان بەپەرۆش بن، پەیوەندیی تەلەفۆنیم پێوە بکەن، ئینجا ئەوانیش بتوانن بە مەبەستی تیرۆرکردن، بە وردی شوێنەکەم بدۆزنەوە.''


AM:11:01:11/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت