هونەرمەند فەزڵ شاکر خۆی رادەستی سوپای لوبنان کرد


وێستگەنیوز-

دوای چەندین ساڵ لە خۆشاردنەوە لە کەمپی "عەین حلوە" لە باشووری لوبنان ئەمڕۆ هونەرمەندی لوبنانی فەزڵ شاکر خۆی رادەستی سوپای لوبنان کرد.


ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، هونەرمەندی لوبنانی فەزڵ شاکر لەلایەن هێزێکی هەواڵگری سوپای لوبنان لە کەمپی "عەین حلوە" دەستگیرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو هونەرمەندە بڕیاری خۆ رادەستکردنی دا.

فەزڵ شاکر لە ساڵی 2012 دەستبەرداربوونی خۆی لە گۆرانی وتن راگەیاند و چووە پاڵ گرووپی شێخی (زیندانیکراو) ئەحمەد ئەسیر لە لوبنان و پشتیوانی لە شۆڕشی سوریا دژی رژێمی بەشار ئەسەد کرد، دوای "شەڕی عەبرا" کە لە نێوان سوپای لوبنان و گرووپی ئەسیر لە 23ی حوزەیرانی 2013 روویدا، شاکر پەنای برد بۆ کەمپی "عەین حلوە" بۆ ئەوەی لە دەستگیرکردن و لێپرسینەوە رزگاری بێت، لەو کاتەدا چەندین سکاڵای یاسایی لێکرا و تۆمەتبار کرا بە "هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەسیر و پێکهێنانی چەتەی چەکدار و شەڕکردن دژی سەربازانی سوپای لوبنان.

لە ساڵی 2018 گەڕانەوەی فەزڵ شاکر بۆ هونەر، گەڕانەوەیەکی لەناکاو و خێرا نەبوو، بەڵکو بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، لە 2015 تاوەکو 2017 ئەو هونەرمەندە لە چەند چاوپێکەوتنێکدا پەشیمانیی خۆی لە هەڵوێستە تووندەکانی دەربڕی و خۆی لە ئەحمەد ئەسیر و بیری توندڕەوی بێبەری کرد. ئاماژەی بەوەدا، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ نێو ژیانی ئاسایی و هونەرەکەی.

محەممەد شاکری کوڕی فەزڵ شاکر لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "باوکم بێتاوانە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، ئینشاڵڵا بێتاوانییەکەی دەسەلمێنرێت، ئەمە مافی ئەوە و دەبێت بە دەستی بهێنێت".


PM:11:42:04/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 1440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت