ئەحمەد شەرع: ئەگەر لەڕووی ئەمنییەوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکبکەوین ئەوە ڕێککەوتنی دیکەی بەدواوە دێت
وێستگەنیوز_
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەبارەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێت.
سەرۆکی سووریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق بە رۆژنامەنووسانی وت، "رێککەوتنی ئەمنی گرنگە و پێویستە رێز لەسەروەری ئاسمانی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی بگیرێت، داواکارین نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕەوشی سووریا بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەڕووی ئەمنییەوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بکەون، ئەوە ڕێککەوتنی دیکەی بەدواوە دێت، بەڵام "ئێستا هیچ گفتوگۆیەکمان لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە، ئەمریکاش هیچ فشارێکی لە دیمەشق نەکردووە بۆ ئەو گفتوگۆیە."
ئاشکراشی کرد، دیمەشق و ئیسرائیل زۆر نزیک بوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تەممووزی ڕابردوو، بەڵام ڕووداوەکانی سوەیدا هەوڵەکانی ڕێککەوتنەکەی لەباربرد، ئێستاش هەڵوێستەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا بۆ یەکپارچەیی و ئارامیی سووریا یەکناگرێتەوە.
هەر لە بارەی پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبووەتەوە، سەرچاوەکانی هەواڵی ئیسرائیل ئاشکراشیان کردووە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، لە کۆبوونەوەکەی لایەنی سووری و ئیسرائیلی بەشداربووە.
رۆژی چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا گەیشتووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە.
AM:08:42:18/09/2025
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت