ئه‌مریكا و چین له‌سه‌ر تیك تۆك گه‌یشتنه رێككه‌وتن
وێستگه‌نیوز-
دوای دوو رۆژ دانوستان له مه‌درید، چین و ئه‌مریكا گه‌یشتنه رێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به تیك تۆك، به‌و مه‌رجه‌ی پلاتفۆرمه‌كه خاوه‌نێكی ئه‌مریكی هه‌بێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و شی جینپینگ، هاوتا چینییه‌كه‌ی، رۆژی هه‌ینی رێككه‌وتنه‌كه ته‌واو بكه‌ن.
ترەمپ له پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی "تروس سۆشیال" نووسی: "دانوستانه بازرگانییه سه‌ره‌كییه‌كان له ئه‌وروپا له نێوان ئه‌مریكا و چین زۆر به باشی به‌ڕێوه‌چوو و نزیكه له ته‌واوبوون. رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو كرا كه گه‌نجانی وڵاته‌كه‌مان ده‌یانویست رزگاری بكه‌ن. ئه‌وان زۆر دڵخۆش ده‌بن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه رۆژی هه‌ینی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین قسه ده‌كات.
پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه سكۆت بێسنت، وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا دوای ئه‌نجامدانی وتووێژی بازرگانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی چینی له مه‌درید، وتی: "چوارچێوه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر تیك تۆك".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه رۆژی هه‌ینی هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا و چین قسه ده‌كه‌ن بۆ "ته‌واوكردنی" رێككه‌وتنه‌كه.
راشیگه‌یاند كه به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه كراوه تیك تۆك خاوه‌نێكی ئه‌مریكی ده‌بێت، به‌ڵام ورده‌كاریی زیاتری سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی نێوان "دوو دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت" نه‌خسته‌ڕوو.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "ئه‌م چوارچێوه‌یه ئامانجی ئه‌وه‌یه كه (تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیك تۆك) خاوه‌ندارێتی ئه‌مریكی بێت. به‌ڵام دیسانه‌وه من گریمانه له‌سه‌ر ئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه به‌رنامه بۆ داڕێژراوه‌كه‌ی سه‌ركرده‌كان له رۆژی هه‌ینیدا ناكه‌م".
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه تیكتۆك جێگه‌ی ناكۆكی نێوان هه‌ردوو وڵات بووه. واشنتۆن داوای كردووه تا 17ی ئه‌یلول به خاوه‌نێكی غه‌یره چینی بفرۆشرێت، ئه‌گه‌رنا له ئه‌مریكا قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
به‌پێی یاسایه‌ك كه كۆنگرێس له ساڵی 2024 په‌سه‌ندی كرد، تیك تۆك رووبه‌ڕووی قه‌ده‌غه‌كردن ده‌بێته‌وه له ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر كۆمپانیای چینی خاوه‌نداری تۆڕه‌كه، ده‌ستبه‌رداری خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی نه‌بێت.
PM:09:42:15/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 188
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت