ناتانیاهۆ: ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر شکستی نەهێناوە
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو قسەی حەماس رەتدەکاتەوە کە دەڵێت، "ئیسرائیل لە هەوڵی کوشتنی سەرکردەکانمان شکستی هێناوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی پێشوازیی لە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ قودەس (ئۆرشەلیم)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئیسرائیل سەرکەوتووبووە لە کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر".
ئاماژەی بەوەکرد، "پابەندیش دەبین بە گەڕاندنەوەی تەوای بارمتەکان و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە لە کەرتی غەززە".
ناتانیاهۆ بە مارکۆ رۆبیۆی وت، "هاتنت پەیامێکە لەوەی کە ئەمەریکا بۆ شەڕی تیرۆر لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستێت".
وتیشی، "ئیسرائیل باشترین هاوڕێی هەیە لەکۆشکی سپی، بۆ ئیسرائیلیش هاوپەیمانێکی لە ئەمەریکا باشتر نییە".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "بڕیاری هێرشکردنە سەر حەماس لە قەتەر، بڕیارێکی ئیسرائیلی بوو، بۆیە ئامادەیی ئەوەی هەیە باجەکەی بدات، هێرشەکەش پەیامێک بوو بۆ حەماس، سەرکردەکانیش لەهیچ شوێنێک پارێزراو نین".
دەشڵێت، "رووخاندن و تەقاندنەوەی باڵەخانە و تاوەرەکانی غەززە لەبەر ئەوەیە، بووەتە پەناگەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسە، هەروەها ئامانجمان ئەوەیە چەک بەدەست حەماسەوە نەهێڵین و ڕێگە نەدەین چەکیش بەدەستی بگات، ئامانجێکی دیکەمان لە غەززە حکومەتێکی کاتی پێکبهێنین".
PM:03:51:15/09/2025
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت