لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ لوتكەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تاوتوێی رێگاكانی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە قەتەر بە بەشداری ژمارەیەك لە سەركردەكانی عەرەب و ئیسلامی؛ میوانداری لوتكەی عەرەبی و ئیسلامی دەكات، بۆ تاوتوێكردنی رێگاكانی وەڵامدانەوەی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی قەتەر.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ كۆبوونەوەی ئامادەكاری لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و نوێنەرانی  57 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی رەشنووسی بەیاننامەیەك كرا سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر كە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بارەگای نیشتەجێبوونی چەند سەركردەیەكی بزووتنەوەی حەماسیان لە دۆحە كردە ئامانج.

لەدوای ئەو رووداوەش، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆك وەزیرانی قەتەر داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سزای ئیسرائیل بدات لەسەر تاوانەكانی لە ناوچەكەدا و رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی نێوەندگیری لەگەڵ میسر و ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.

هەروەها بڕیارە، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەشداری لە لوتکەکەدا بکەن.




AM:09:57:15/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت