راپۆرته‌كان: ئه‌مڕۆ تره‌مپ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر كۆده‌بێته‌وه
وێستگه‌نیوز -
میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه، ئه‌مڕۆ هه‌ینی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانی سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر له كۆشكی سپی كۆده‌بێته‌وه.
پێگه‌كانی، پۆله‌تیكۆ و ئه‌كسیۆس رایانگه‌یاند كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، جه‌ی دی ڤانس جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، ماركۆ رۆبیو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و ستیڤ ویتكۆف نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا و چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا كۆببێته‌وه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ سه‌رۆك وه‌زیران قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریكا هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی و دۆخی دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست له كه‌رتی غه‌ززه كه له‌ژێر هێرشی توندی ئیسرائیلدایه، تاووتوێ بكات.
رۆژی سێشه‌ممه ئیسرائیل له‌ڕێی هێرشی ئاسمانییه‌وه هه‌وڵی كوشتنی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی دا له شاری ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، به‌م هه‌نگاوه‌ش ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له ناوچه‌كه په‌ره‌پێدا.
هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر قه‌ته‌ر ئیدانه‌كردنی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌وپێیه‌ی ده‌كرێت ببێته‌هۆی زیادكردنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه.
دوێنێ پێنجشه‌ممه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ری ئیدانه كرد، به‌ڵام له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا كه هه‌ر 15 وڵاتی ئه‌ندام په‌سه‌ندی كردبوو، له‌وانه ئه‌مریكا كه هاوپه‌یمانی ئیسرائیله، باسی ئیسرائیلی نه‌كرا.
واشنتۆن وه‌ك هاوپه‌یمانێكی به‌هێز له ناوچه‌ی كه‌نداو له قه‌ته‌ر ده‌ڕوانێت. قه‌ته‌ر ڕۆڵی نێوه‌ندگیری گێڕاوه له هه‌وڵه‌كانی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس و ئازادكردنی بارمته ئیسرائیلییه‌كان كه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه گیراون و پلانی بۆ دوای شه‌ڕ له غه‌ززه داڕشتووه.
ڕۆژی سێشه‌ممه تره‌مپ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه بڕیاره‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ لێدانی قه‌ته‌ر له‌لایه‌ن بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه دراوه و هێرش بۆ سه‌ر قه‌ته‌ر خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل ناكات.
AM:09:55:12/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 400
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت