ناوەندی FMBA: ڤاکسینی شێرپەنجە قۆناغێکی گرنگی لە تاقیکردنەوەی سەلامەتی تێپەڕاندووە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان
وێستگەنیوز_
بەڕێوەبەری ناوەندی FMBAـی رووسی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ڤاکسینی شێرپەنجە قۆناغێکی گرنگی لە تاقیکردنەوەی سەلامەتی تێپەڕاندووە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام چاوەرێی دەرچوواندنی رەزامەندیی فەرمین لە لایەن دامەزراوەی حکومیی تایبەتمەندەوە.
ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی پزیشکی و بایۆلۆجی (FMBA) لە کۆڕبەندی ئابووری ڕۆژهەڵات (EEF) رایگەیاند، ڤاکسینی شێرپەنجەی رووسیا بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکانی پێش کلینیکی تەواوکردووە، هەم سەلامەتی و هەم کاریگەری بەرزی نیشانداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، "توێژینەوەکە چەند ساڵێکی خایاندووە، ئێستا ڤاکسینەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و رەزامەندی سەرەتایی بەدەستهێناوە و چاوەڕێی ڕەزامەندی فەرمی دەکەین".
هەروەها ئەنجامەکانی پێش کلینیکی سەلامەتی ڤاکسینەکەیان پشتڕاستکردەوە، تەنانەت بە دووبارە بەڕێوەبردنی، و کاریگەرییە بەرچاوەکانیان هەڵسەنگاندووە، و توێژەران تێبینی کەمبوونەوەی قەبارەی وەرەم و خاوبوونەوەی گەشەی وەرەمیان کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئامانجی سەرەتایی ئەم ڤاکسینە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە دەبێت، جگە لەوەش پێشکەوتنی ئومێدبەخش لە پەرەپێدانی ڤاکسینی گلیۆبلاستۆما و جۆرە تایبەتەکانی میلانۆمادا بەدەست هاتووە، لەوانەش میلانۆمای چاو، کە لە ئێستادا لە قۆناغی پێشکەوتووی گەشەکردندان.
زۆربەی خەڵک ئاشنان بەو ڤاکسینانەی کە بۆ خۆپاراستن لە هەوکردنەکانی وەک سورێژە و کۆکە بەکاردەهێنرێن. ئەوان بە ڕاهێنانی سیستەمی بەرگری لەش بۆ ناسینەوە و وەڵامدانەوەی میکرۆبەکانی زیانبەخش کاردەکەن. بەڵام دەتوانرێت هەندێک لە ڤاکسینەکان بە شێوەیەک دیزاین بکرێن کە یارمەتی سیستەمی بەرگری لەش بدات بۆ ناسینەوە و ئامانجکردنی خانە شێرپەنجەییەکان.
پێشتر کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا ڤاکسینی شێرپەنجە بۆ هەندێک شێرپەنجەی پرۆستات و میزڵدان بەردەستە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر دەکرێت.
سکڤۆرتسۆڤا دەشڵێت: ئەوەی ئەم ڤاکسینەی ناوازە کردووە، ئەو توانایەیەتی لە دروستکردنی کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و یارمەتیدانی جەستە بۆ ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان.
AM:10:47:10/09/2025
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت