حەماس: نەتانیاهۆ هەموو چارەسەرەکان رەتدەکاتەوە
وێستگەنیوز_
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، "سووربوونی لەسەر تێکدانی رێککەوتن" دووپاتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە حەماس لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن نەتانیاهۆوە، دوای ئەوەی ئێمە رەزامەندیمان لەسەر پێشنیازی نێوەندگیرەکان نیشاندا، سووربوونی لەسەر تێکدانی رێککەوتنەکە دەسەلمێنێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە رەزامەندیمان لەسەر رێککەوتنێکی نیمچەیی نیشاندا و ئامادەیی خۆشمان بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر دەربڕی، بەڵام نەتانیاهۆ هەموو چارەسەرەکان رەتدەکاتەوە."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە "دانپێدانانی ئیسرائیلی و ئەمریکی" کراوە کە "دووپاتیدەکەنەوە نەتانیاهۆ رێگری سەرەکییە لەبەردەم رێککەوتنەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاگربەستدا."
حەماس وتەکانی ماسیۆ میلەر، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت، "ئەو دانپێدانانانە دەیسەلمێنێن کە نەتانیاهۆ تەنها کاتی دەکوشت و درۆی دەکرد، بەوەی هەر جارێک لە رێککەوتن نزیک دەبووینەوە، مەرجی نوێی دادەنا."
دووپاتیشی دەکاتەوە، بەبێ رێککەوتن ناگەنە هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و نەتانیاهۆ بەرپرسیاریەتیی تەواوی چارەنووسی ئەو بارمتانە هەڵدەگرێت کە لە ژیاندان.
PM:03:50:24/08/2025
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت