ئەفغانستان.. لە رووداوێکی هاتووچۆدا 76 کەس گیانیان لەدەستدا
وێستگەنیوز_
شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە ئەفغانستان، 76 کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیای ئەفغانستان، "رووداوەکە شەوی چوارشەممە لەسەر رێگەی سەرەکیی شارەکانی 'هیرات - ئیسلام قەلعە' روویداوە. ئۆتۆمبێلێکی نەفەرهەڵگری جۆری "580" خۆی کێشاوە بە ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری "مازدا"دا. دەشڵێت: "پاسەکە لە ئێرانەوە چووەتە نێو ئەفغانستان و پەناخوازە ئەفغانەکانی لەو وڵاتەوە گەڕاندووەتەوە."
دواتر، بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە، ئۆتۆمبێلە نەفەرهەڵگرەکە ئاگری گرتووە و زۆربەی سەرنشینەکانی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. هەرچەندە راستەوخۆ دوای رووداوەکە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە؛ بەڵام سەرجەمیان 'تەندروستییان ناجێگیرە'.
ئەو رێگەی رووداوەکە تێیدا روویداوە، یەکێکە لە رێڕەوە گرنگەکانی بازرگانی و گواستنەوەی سەرنشین لە رۆژئاوای ئەفغانستان، بەڵام بەهۆی خراپی، کۆنی، نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و چاودێریی پۆلیسی هاتووچۆ، رووداوی هاتووچۆ لەسەر ئەو رێگەیە زۆر روودەدەن.
PM:12:43:20/08/2025
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت