وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا بۆ نەتانیاهۆ: ئازایەتی لەوەدا نییە منداڵێکی غەززە برسی بکەیت
وێستگەنیوز_
ئوسترالیا هێرشی تووند دەکاتە سەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەش پاش ئەوەی ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیای بەوە تۆمەتبار کرد، کە سیاسەتمەدارێکی لاوازە و خیانەتی لە ئیسرائیل کردووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی گشتی ABC، تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، "هێز بە ژمارەی ئەو کەسانە ناپێورێت کە دەتوانن بیان تەقێنیتەوە یان ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە برسیەتی دەیان هێڵیتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئازایەتی لەوەدا نییە منداڵێکی غەززە برسی بکەیت".
نێوانی ئوسترالیا و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، هەفتەی رابردوو ئوسترالیا ئاشکرای کرد، خواستی ئەوەی هەیە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، دان بەدەوڵەتی فەڵەستین بنێت، ئەمەش پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەی خراپ کرد.
دوای ئەو لێدوانە فەرمییە، ئوسترالیا ڤیزای سیمحا ڕۆتمان، ئەندامی پەرلەمانی ڕاستڕەوی توندڕەو لە پارتی 'سەهیۆنی ئایینی' بەشدار لە هاوپەیمانی حکومەتی نەتانیاهۆی هەڵوەشاندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە، چونکە لێدوانەکانی دەبێتە هاندانی دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئوسترالیا ئەگەر بێت و سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل رۆژی دواتر وەکو وەڵامێک ڤیزای دیپلۆماتکارانی ئوسترالیای لە فەلەستین هەڵوەشاندەوە.
هەڵوێستە فەرمییەکانی ئوسترالیا جددی تر بوون و لە رۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە وتی: ئێمە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێین.
دووپاتیشی کردەوە، "دانپێدانان بە مەرجی بەڵێنەکانی دەسەڵاتی فەڵەستین دەبێت و ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە چارەنووسی گەلی فەڵەستین و هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا نییە".
ئەلبانیز باسی لەوەشکرد، دۆخی غەززە خراپترین کارەساتەکانی جیهانی تێپەڕاندووە و ئیسرائیل بەردەوامە لە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
AM:09:45:20/08/2025
ئهم بابهته 464
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت