کرێملین: پرسی ئاگربەستی ئۆکرانیا و هەماهەنگی ئابووری تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین دەبێت


وێستگەنیوز_

وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) دەڵێت، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەگاتە ئەنکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێدەکرێت.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئاشکرای کردووە، پرسی ئۆکرانیا لە سەرووی کارنامەی گفتوگۆکانی هەردوو سەرۆکەوە دەبێت.
 
ئاماژەی بەوەش دا، پوتین هێشتا لە هەرێمی ماگادانای ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی رووسیایە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمەکە، گەشتێکی راستەوخۆ و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بە فڕۆکە لە ماگادانەوە بۆ ئەنکۆرەیج دەکرێت، چونکە دەبێت سەرۆک رێک کاتژمێر 11:00ـی بەیانی بە کاتی ئەلاسکای ئەمریکا (10:00ی شەو بە کاتی هەولێر و مۆسکۆ) لە فڕۆکەخانە بنیشێتەوە و لەلایەن ترەمپەوە لای فڕۆکەکە پێشوازیی لێبکرێت.
  
لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانیشەوە وتی: "هەماهەنگیی ئابووری و هەموو رەهەندەکانی چارەسەریی کێشەی ئۆکرانیا و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لەو بابەتانەن کە بێگومان سەرۆک هەمیشە بە وردییەکی زۆرەوە دەیانخوێنێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات."
 
پشێتر کۆشکی کرێملین رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە بنکەی سەربازیی ئێلمێندۆرف-ریچاردسن لە شاری ئەنکۆرەیجی ئەلاسکا کاتژمێر 11:30ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ دەستپێدەکات، کە دەکاتە 03:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و 10:30ی شەو بە کاتی مۆسکۆ و هەولێر.

کلیک بکە و زانیاری لەبارەی بنکەی سەربازی ئێلمێندۆرف-ریچاردسن بخوێنەرەوە..


PM:08:41:15/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو